٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: بوونی حكوومەتێكی مەركەزی لە بەغدا چارەی كێشەكان ناكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) لە پێشوازیی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، بوونی حكوومەتێكی مەركەزی لە بەغدا چارەی كێشەكان ناكات. لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق گوتی، لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەریتانیا ئامێری زیاتری پووچەڵكردنەوەی مین و راهێنان و پێداویستیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكات.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) ئەمڕۆ دووشەممە 16/2/2015 پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق (فرانك بێكەر) كرد.
لە دیدارێكدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دواپەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق كرد، لە دیدارەكەدا (مەسروور بارزانی) جەختی لە پشتیوانیی زیاتری یارمەتیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان لە لایەن  كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە‌ كردەوە و رایگەیاند، پێشمەرگە قوربانیی لە رادەبەدەری داوە،‌ وێڕای كەمی و كۆنیی چەكەكانیشی.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان داوای لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرد بۆ پتەوكردنی پرۆسەی سیاسی و بەدیهاتنی ناسەنترالایزی بۆ حكوومەتە خۆجێییەكان پێداچوونەوە بە ستراكتۆری سیاسی لە بەغدا بكەن و گوتی، "ئێمە پێمان وا نییە بوونی حكوومەتێكی مەركەزی لە بەغدا چارە بێت بۆ كێشەكان، ئەمە چەندین جار تاقی كراوەتەوە".
لە لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا دووپاتی لە پشتیوانییە ئاسمانییەكانی حكوومەتی وڵاتەکەی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش كردەوە و رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەریتانیا ئامێری زیاتری پووچەڵكردنەوەی مین و راهێنان و پێداویستیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار