٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

١٣ لادێ داوای چوونەسەر پارێزگای هەڵەبجە دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- نوێنەری 13 گوندی سەر بە ناحیەی بەمۆ، داواكارن لە ڕووی ئیدارییەوە بخرێنە سەر پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامی هەڵەبجەیش ئاماژە بەوە دەدات، داواكاریی ئەو گوندنشینانە بەهەند وەردەگرن.

قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە (ئەركان حەسەن غەفوور) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی نوێنەری 13 گوندی سەر بە ناحیەی بەمۆ سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كرد، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەڵەبجەوە پێشوازییان لێ كرا و داواكار بوون لە ڕووی ئیدارییەوە بگوازرێنەوە سەر پارێزگای هەڵەبجە.
گوتیشی، "یادداشتێكیان ئاڕاستە كردووین كە تێیدا داوایان كردووە پردی (تەنگی سەید محەممەد) دروست بكرێت كە بە هۆیەوە ناوچەی دەربەندیخان و هەڵەبجە پێكەوە دەبەسترێتەوە و گوندنشیانی ئەو ناوچە دەتوانن بە ئاسانترین شێوە ڕوو لە پارێزگای هەڵەبجە بكەن، هاوكات داوایشیان كردووە كە داواكارییەكەیان لە ڕێگەی قایمقامییەتی هەڵەبجەوە بگەیەنرێتە سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستانیش".
قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەیشی دا، "داواكاری ئەو 13 گوندە بەهەند وەردەگرین و هەموو كارێك دەكەین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی لایەنە پەوەندیدارەكانەوە ئەو گوندانەش بخرێنەوە سەر پارێزگای هەڵەبجە و سنووری پارێزگای هەڵەبجەیش فراوانتر بكرێت".
لە ئێستادا پارێزگای هەڵەبجە لە ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەكانی خورماڵ و بیارە و سیروان پێك دێت.
ئاسۆ عەلی

هەواڵی پەیوەندیدار