٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی لە كێشەكانی كارەبای كۆڵییەوە و ئامادەیی حكوومەتی بۆ چارەكردن پێشان دا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە میانەی سەردانیدا بۆ وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ وەزیری كارەبا، پشتگیریی خۆی بۆ هاریكاریكردنی وەزارەتی كارەبا و چارەكردنی ئەو كێشانەی هەن، دەربڕی.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 16/2/2015 سەردانی وەزارەتی كارەبای كرد و سەرەتا لە كۆبوونەوەیەكدا كە جێگری سەرۆكوەزیران (قوباد تاڵەبانی)ـیش ئامادەی بوو، لەگەڵ وەزیری كارەبا، دەربارەی كێشە و گرفتەكانی كەرتی كارەبا و پێداویستییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا گفتوگۆیان كرد و بۆ دابینكردنی پێویستیی هەرێمی كوردستان لە وزەی كارەبا، تیشك خرایە سەر هاوكاریی زیاتری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ وەزارەت.

پاشان لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا كە ژمارەیەك لە بەرپرسان و ڕاوێژكارانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەبا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان ئامادەی بوون، وەزیری كارەبا (د. عەبدولسەتار بابەكر) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆكوەزیران و جێگرەكەی و شاندی یاوەریان دەربڕی و هیوای خواست كە ئەم سەردانە ببێتە هۆی پشتگیرییەكی زیاتری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە وەزارەتی كارەبا و چارەكردنی كێشە و گرفتەكانی، ئینجا بە تێروتەسەلی باس لە كێشە و گرفتەكان و پێدوایستییەكانی سێكتەری كارەبا لە هەرێمی كوردستان كرا و لە هەمان كاتدا چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكانی كارەبا خرانە ڕوو.

لە گوتەیەكدا (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە، ئەم سەردانەیان بۆ وەزارەتی كارەبا و دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری كارەبا و بەرپرسانی وەزارەت بۆ دووپاتكردنەوەی پشتگیریی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە لە وەزارەت و وەزیری كارەبا و حزبەكەی "یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان" كە ماوەی ڕابردوو ببوونە ئامانجی هەڵمەتێكی زاڵمانەی فراوانی سیاسی و میدیایی.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو كێشە و گرفتانەی لە سێكتەری كارەبادا هەن، كێشە و گرفتی ئەمڕۆ و دوێنێ نین و بە تەنیا كێشە و گرفتی وەزیری كارەبا نین كە ماوەیەكی كەمە پۆستەكەی وەرگرتووە، بەڵكو كێشەی كۆن و كەڵەكەبووی پێشترن و بەر لەوەی لە ئەستۆی وەزیری كارەبا و وەزارەتی كارەبادا بێت، بەرپرسیارەتیی یەكەمی ئەم كێشانە لە ئەستۆی حكوومەت و بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی سەرۆكایەتیی حكوومەت و سەرۆكوەزیران خۆیدایە.

ئاماژەیشی دا كە بە هۆی بەرەوپێشچوونی بەردەوامی شار و شارۆچكە و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە، ڕۆژانە پێداویستیی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زیاد دەبێت و ڕادەی خواست لەسەر كارەبا بەردەوام لە زیادبووندایە، بۆیە ئاساییە كە كێشە و گرفت لە سێكتەری كارەبادا هەبێت و لەگەڵ ئەوەیشدا حكوومەت و وەزارەتی كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكان خوازیارن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی كێشە و گرفتەكانی كارەبا چارە بكەن و پێداویستییەكانی ئەم سێكتەرە دابین بكەن.

باسیشی لەوە كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە بڕی سێ‌ ملیار دۆلار تەنیا بۆ پشتگیریی كەرتی كارەبا خەرج دەكات و داكۆكی لەوە كردەوە كە زێدەڕۆییەكی زۆر لە بەكاربردن و خەرجكردنی كارەبادا هەیە و سوپاسی وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەبای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و دامودەستگاكانی سەر بە وەزارەتی كرد كە بەردەوام لە هەوڵی باشكردنی ڕەوشی كارەبادان.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیران بە دوور و درێژی گوێبیستی كێشە و گرفت و پێداویستییەكانی كەرتی كارەبا بوو كە لە لایەن بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەباوە لە هەرسێ‌ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیانەوە پێشكەش كران.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆكوەزیران (قوباد تاڵەبانی) سوپاسی وەزارەتی كرد كە زۆر هەنگاوی ناوە بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و كارەبای گەیاندووەتە زۆربەی ئەو شوێنانەی پێشمەرگە پێویستیەتی و ئاماژەی بەوە دا كە وێڕای ئەم خزمەتگوزارییە، پۆلیسی كارەبایش بەشداری لە شەڕی دژی داعشدا كردووە.

لە كۆتاییدا (نێچیرڤان بارزانی) جەختی لەوە كردەوە، كۆبوونەوەكە زۆر سوودمەند بوو كە تێیدا بیرۆكەیەكی ڕوونیان لەسەر كێشە و گرفت و پێداویستییەكانی سێكتەری كارەبا دەست كەوت و چەندین سەرنج و پێشنیازی باش بۆ چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكان خرانە ڕوو و دووپاتی كردەوە، بە پلەی یەكەم چارەكردنی كێشەی كارەبا بە دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ دەبێت، ئەمەیش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و ئەلتەرناتیڤی یەكەمیش دەكرێت گازی سرووشتی بێت كە حكوومەت لە بەرنامەیدایە و بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی وەك ئەلتەرناتیڤێكی وزە بە گشتی و بە تایبەت كارەبا لە زۆر بوار و لە قۆناخەكاتی داهاتوودا بیخاتە خزمەت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە.

دوای كۆبوونەوەكە، سەرۆكوەزیران وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار