حاكم سه‌رحان: وه‌ڵامى به‌غدا باوه‌ڕپێكراو نییه.. ناكرێت بڵێت پاره‌م نییه، با قەرز بکات

هه‌ولێر -KDP.info-ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ڵێت، ڕاسته گرفتى سیولە هه‌یه له عێراق، به‌ڵام ده‌بێت به‌غدا ئالیه‌تێك بدۆزێته‌وه بۆ چاره‌كردنى گرفتى پاره و ده‌بێت پابه‌ند بێت به ڕێككه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا.
(حاكم سه‌رحان) ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى راگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى شاندى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق له دوو لایه‌نه‌وه زۆر گرینگ بوو، یه‌كه‌م: هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پابه‌ندبوونى خۆیان كرده‌وه به ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا؛ دووه‌م: كۆمه‌ڵێك پرس هه‌بوون ده‌بوو به گفتوگۆ و لێک‌تێگه‌یشتن چاره بكرێن، نه‌ك له ڕێگاى راگه‌یاندنه‌كانه‌وه. به‌تایبه‌تى پرسى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و گرفته هونه‌ریه‌كانى به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنى نه‌وت.
(سه‌رحان) گوتیشى: "دواى كۆبوونه‌وه‌كه له راگه‌یاندنى هه‌ردوولا ئه‌وه بینرا كه عێراق گرفتى سیوله‌ى هه‌یه، واته پاره‌ى نه‌ختى نییه، ئێستا بۆچوونى حكوومه‌تى عێراق له‌سه‌ر نه‌ناردنى بوودجه ڕوون بووه‌وه، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامى به‌غدا باوه‌ڕپێكراو نییه، چونكه ناكرێت به‌غدا بڵێت پاره‌م نییه، ئه‌ى ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك كراوه، ئه‌گه‌ر به ساناییش بیر له گوتارى به‌غدا بكرێته‌وه، ئایا ده‌كرێت عێراقێك به‌و هه‌موو نه‌وت و داهاته‌وه‌ى هه‌یه‌تى، بڵێت گرفتى سیوله‌م هه‌یه؟".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى عێراق له‌م دۆخه‌دا كه قه‌یرانى دارایى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه و عێراق تووشى شه‌ڕێكى گه‌وره هاتووه، ژێرخانى ئابوورییەکەی وێران بووه بۆ ناچێت قه‌رز بكات؛ عێراق وڵاتێكه و کە قه‌رزیش بكات هیچ گرفت نییه، چونكه نه‌وتى زۆره و ده‌توانێت له داهاتوویشدا كار بكات بۆ زیادكردنى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت."




