هه‌ڵۆ نه‌جات بۆ کەرکووکییەکان: با پڕۆپاگه‌نده‌كانى داعش کارتان تێ‌نەکات

كه‌ركووك-KDP.info- (هه‌ڵۆ نه‌جات) به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى كه‌ركووك ده‌ڵێت، داعش هەڵمەتی پڕۆپاگەندەی دژ بە ئاسایشى كه‌ركووك بەرپا کردووە و، ده‌یه‌وێت له‌و ڕێگایه‌وه و بۆ دروستكردنى شه‌ڕێكى ده‌روونى دژى خه‌ڵكى شاره‌كه، سوود له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ربگرێت.
لیوا (هه‌ڵۆ نه‌جات) به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى كه‌ركووك به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیموركراتى كوردستانى راگه‌یاند: "دواى ئه‌و شكسته گه‌وره‌یه‌ى كه داعش له كه‌ركووك بردی، ئێستا ده‌یانه‌وێت له ڕێگاى راگه‌یاندنه‌وه وەهای نیشان بدەن کە لە نێو شارى كه‌ركووكدا هێز و توانایان هه‌یه، هەڵبەت توانیویانه سوود له پڕۆپاگه‌نده‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ربگرن و، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریى ده‌روونى له‌سه‌ر خه‌ڵك داناوه، چونكه ده‌بینین له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وێنه‌ى كوشتن و ئازاردانى خه‌ڵك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه؛ بە داخەوە هاوونیشتیمانیانى ئێمه‌ش ده‌كه‌ونه ناو ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه و ئەوەی داعش دەیکات، بڵاوی دەکەنەوە."
(هه‌ڵۆ نه‌جات) نایشارێتەوە کە زۆر هه‌وڵیان داوه خه‌ڵك هۆشیار بكه‌نه‌وه كه ئه‌و کارە شه‌ڕێكى ده‌روونییه و دژ بە خەڵکی کەرکووک بەرپا کراوە، به‌ڵام وەک ئەو دەڵێ و که مایەی داخه، کەناڵگەلێک كه‌وتونه‌ته هه‌ڵه‌ى هه‌واڵى بێبنه‌ما‌وه، "ئه‌وه‌ى دوێنێ شه‌و له كه‌ركووك ڕووی دا زۆر مه‌ترسیدار بوو، ئاخر له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌واڵێكى ناڕاست بەهێندەی به‌رهیەکی جه‌نگ ته‌قه‌ى خۆشى كراوه".
به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى كه‌ركووك هاوکات جەخت دەکاتەوە، دۆخى ئه‌منى ناوشارى كه‌ركووك له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و پۆلیس و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانه‌وه پارێزراوه، دڵنیاییش ده‌داته خه‌ڵكى شار، "به‌رده‌وام ده‌بین له دابینكردنى ئه‌منیه‌ت و ئاسایشى خه‌ڵكى كوردستان و، توانراوه كۆنترۆڵى ته‌واوى شاره‌كه بكرێت. ئه‌و شوێنانه‌یشى گومانیان له‌سه‌ره توانیومانه چاودێریى باشى بكه‌ین و خه‌ڵكیش هاوكاریى باشى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانن؛ ئه‌وه‌ش زۆر گرینگه بۆ ئێمه".
کارزان هەورامی




