٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێك دوازانیاری لە بارەی سەردانی مەیدانیی كۆبانی و ئامەد دەخاتە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە شاندی پەرلەمان بۆ كۆبانی‌ و ئامەد (عەلی هالۆ)  دەڵێت، دوای ئەوەی شاندێك لە پەرلەمانی كوردستانەوە سەردانی شاری ئامەدی لە باكوور و كۆبانی‌ لە رۆژئاوا كرد، بڕیارە ڕاپۆرتێك لەبارەی ئەو سەردانەوە پێشكەش بە پەرلەمان بكەن.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە شاندی پەرلەمان بۆ كۆبانی‌ و ئامەد (عەلی هالۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئێمە لە شاندێكی پەرلەمانی كوردستاندا كە لە لیژنەی كۆمەڵەی مەدەنی پێك هات، سەردانی شاری ئامەدی باكووری كوردستانمان كرد و لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە پێشوازییەكی گەرمیان كردین كە دواتر كۆ بووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر زۆر بابەت كرد و ڕای هەموومان وابوو كە كوردستان یەك پارچەیە و یەك نەتەوەیە و جەخت لەسەرئەوە كرایەوە كە لەلایەنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە زیاتر پەیوەندیمان هەبێت، لەبەر ئەوەی پێویستمان بەو جۆرە پەیوەندیانە هەیە".
(هالۆ) گوتیشی، "دواتر سەردانی هەدەپەمان كرد و لەوێیش جەخت لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی ماڵی كورد كرایەوە و هاوڕا بووین كە دەبێت پەرە بەو یەكڕیزییە بدرێت، پاشانیش لەگەڵ شاندە سیاسییەكانی كوردستانی باكوور لە ئامەد دانیشتین و هەروەها لەگەڵ چەندین رێكخراوی مەدەنیدا گفتوگۆ و دانوستاندمان كرد".

ئەو ئەندامەی شاندی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەیشی دا، "رۆژی دووەم سەردانی شاری كۆبانیمان كرد و لەوێیش لەلایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە بە فەرمی پێشوازی كراین و چەندین گفتوگۆ و دانیشتنمان كرد و سەردانی پێشمەرگە قارەمانەكان و شەڕڤانانمان كرد لەو شارە و ویستمان پیرۆزبایی پەرلەمانی كوردستان بە خەڵكی كۆبانی و ئەوان بگەیەنین كە لە كۆبانی‌ ئیرادەی كورد سەر كەوت و ئەویش بە یەكڕیزی و یەكگرتن و هاوكاریی كورد لەگەل یەكتریدا".
(عەلی هالۆ) هەروەها باسی لەوەیش كرد، "بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی‌ كە بە داخەوە وێران كراوە، بەڵام ‌ پڕە لە ئومێد و هیوا و چاوی لە هەر چوار پارچەی كوردستانە كە چۆن لە رزگاركردنی بەشدار بوون، وەهایش لە ئاوەدانكردنەوەیدا بەشدار بن".
گوتیشی، "لەمەودوا هەوڵ دەدەین لە پەرلەمانی كوردستان میوانداریی چەندین شاندی باكووری كوردستان و بەشەكانی دیكەی كوردستان بكەین لەبەر ئەوەی بە بڕوای ئێمە پەرلەمان دەبێت مەڵبەندی بەیەكگەیشتن و یەكترقبووڵكردن بێت و پردێك بێت بۆ كوردەكان لە هەر چوار پارچە".

دەشڵێت، "كە چووین بۆ پەرلەمان ڕاپۆرتی خۆمان پێشكەش دەكەین و لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان دادەنیشین بۆ ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانی و‌ ئەوەی بكەوێتە سەر شانمان درێخی ناكەین".
نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار