٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆردی باڵای لێكۆڵینەوەی زانستی لە كوردستان دامەزرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە پێناو بەرزكردنەوە و گەشەپێدانی بواری خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، بۆردی باڵای لێكۆڵینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستانیان دامەزراند، ئامانج لە دامەزراندنی ئەم بۆردەیش هاندانی زیاتری لێكۆڵینەوەی زانستییە لە كوردستان تا بە شێوەیەكی زانستی رووبەروی كێشەكان ببنەوە.

ئەم راگەیاندنەی (د. یوسف گۆران) ئەمڕۆ یەكشەمە رێكەوتی 15/2/2015 لە میانی مەراسیمی 20 ساڵەی دامەزراندنی كۆلێژی پزیشكیی ددان لە زانكۆی هەولێری پزیشكی هات كە بە سەرپەرشتیی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. یوسف گۆران) و راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی زانكۆ و خوێندكاران بەڕێوە چوو.
لە گوتەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای پیرۆزباییكردن لە ستاف و مامۆستایانی كۆلێژی پزیشكیی ددان، دەستخۆشییشی لێ كردن بۆ هەوڵەكانیان لە پێناو پێشخستنی پرۆسەی خوێندن لە كوردستان.
(د. یوسف گۆران) رایگەیاند، "رەوتی گەشەپێدان و پێشخستنی زانست لە كوردستان بەردەوام دەبێت هەرچەند تاریكپەرست و كۆنەپەرستان لە رابردوو و ئێستایشدا هەوڵی زۆر دەدەن بۆ لەباربردنی ئەم ئەزموون و پێشكەوتنانەی كوردستان، بەڵام ئەم رەوتی پێشكەوتنە بە خۆڕاگری و قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەپارێزرێت و ئێمەیش بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گەشەپێدانی بواری خوێندنی باڵا پەرەی زیاتری پێ بدەین".

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی، "لە پێناو بەرزكردنەوە و گەشەپێدانی بواری خوێندنی باڵا، بۆردی باڵای لێكۆڵینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستانمان دامەزراند، ئامانج لە دامەزراندنی ئەم بۆردەیش، هاندانی زیاتری لێكۆڵینەوەی زانستییە لە كوردستان تا بەشێوەیەكی زانستی رووبەرووی كێشەكان ببینەوە. لە ئێستایشدا لە قۆناخی دەستنیشانكردن و هەڵبژاردنی ستافی بۆردەكەین كە بەم زووانە دەست بە ئەركەكانی خۆی دەكات".
هەر لە گوتەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی دا، "لە پێناو گرینگیدانی زیاتر بە زمانی ئینگلیزی لە كۆلێژ و پەیمانگەكان، پرۆسەی داڕشتنەوەی رێنماییەكانمان دەست پێ كردووە، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندندا گرینگیی زیاتر بە زمانی ئینگلیزی بدرێت و بكرێتە یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكان بە تایبەت بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا".
گوتیشی، "بۆ پێشخستنی ئاستی زانستیی زانكۆكان پڕۆژەی ریزبەندی نیشتیمانیی زانكۆكانی كوردستان دەست پێ دەكەین بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە ئاستی زانستی و ئاكادیمیی زانكۆكان پێش بخەین و لە نەخشەی جیهانی زانكۆكاندا ئاستی زانستیی زانكۆكانی كوردستانیش بەرچاو بێت".
لە بەشێكی دیكەی مەراسیمی 20 ساڵەی دامەزراندنی كۆلێژی پزیشكیی ددان لە زانكۆی هەولێری پزیشكی، هەریەك لە سەرۆكی زانكۆ و نوێنەری وەزارەتی تەندروستی گوتەی جیایان پێشكەش كرد و دواتریش خەڵاتی رێزگرتن پێشكەش بەو كەسانە كرا كە خزمەتیان بە كۆلێژەكە كردووە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار