دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری و پێداویستیی جۆراوجۆری بەسەر 3890 خێزانی پەناخوازدا دابەش كرد
هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستیی رۆژانە و زستانە بەسەر پەناخوازانی نێو كەمپەكان بەردەوامە و لەو میانەیەیشدا لە هەریەكە لە كەمپەكانی باسرمە و هەرشەم و ماملیان و قوشتەپە و دەوروبەری كەندێناوە، هاوكاریی بەسەر زیاتر لە 3890 خێزانی پەناخوازدا دابەش كرد.
رۆژی 15/2/2015 لە درێژەی كار و چالاكیی بەردەوامی ئۆفیسەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرجەم كەمپی پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستیی زستانە و جلوبەرگ و دەیان جۆری دیكەی پێداویستییان بەسەردا دابەش دەكات، لەو میانەیەیشدا لە كەمپی هەرشەم لە درێژەی دابەشكردنی خۆراك و پێداویستییەكان دەیان جۆر پێداویستیی بەسەر 300 خێزانی پەناخواز و 220 منداڵدا دابەش كرد، پێداویستییەكانیش بۆ هەر خێزانێك بریتی بوو لە دابەشكردنی (300 كومبار، 300 تەباخی غاز، لەگەڵ دابەشكردنی شیر و دایبی و پێداویستیی دیكەی منداڵان لە نێوان تەمەنەكانی 1 بۆ 3 ساڵ.
لە لایەكی دیكەوە و لە كەمپی باسرمە لە درێژەی دابەشكردنی هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەران، لە هەڵمەتێكدا بە هاوكاری لەگەڵ كۆمەڵەی گەشەی منداڵانی كوردستان هەستان بە دابەشكردنی شیر و سریلاك و پێداویستی دیكە بەسەر 450 منداڵدا. هەروەها لە كەمپی ماملیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ هەریەكە لە هونەرمەند (فاتە خان) و پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیا، هەستان بە دابەشكردنی (40) تۆن كەلوپەلی وەك (جلوبەرگ و پێڵاو و بەتانی و چەندین جۆری دیكە لە كەلوپەل كە تایبەت بوون بە ئافرەتان و منداڵان كە بەسەر (2261) خێزاندا دابەش كران و سەرجەم پەنابەرانی كەمپەكە سوودمەند بوون.
هەر لە درێژەی هەڵمەتەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەران لە كەمپی قوشتەپە، بە مەبەستی خۆپاراستنی پەناخوازان لە سەرمای زستان، لە هەڵمەتێكدا هەستان بە دابەشكردنی جلوبەرگی زستانە بەسەر (883) خێزاندا. لە لایەكی دیكەوە و لە ناحیەی دیبەگە (ناحیەی كەندێناوە) لە هەڵمەتێكی بەرفراواندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری ئیماڕاتی هەستان بە دابەشكردنی كارتۆن خۆراك، سەلەی تەندروستی، جلوبەرگ، لانكی منداڵان، بوتڵی غاز، فڕنی غاز، ئاو، بەسەر 451 خێزانی پەنابەری عەرەبی دەوروبەری مەخموور و گوێڕ.




