پارتی لەسەر بەڵێنەكەی خۆی مكوڕە.. كاكەییەكان دەبنە خاوەنی دوو كورسی

هەڵەبجە-KDP.info- بەپرسی لقی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، لەسەر جێبەجێكردنی بەڵێنەكەیان بە پێدانی كورسییەكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە لە پشكی پارتی بە كاكەییەكان مكوڕن. هاوكات هەفتەی داهاتوویش كاكەییەكان هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن.
بەرپرسی لقی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان ( فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان سوورن لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی كە بە كاكەییەكانی پارێزگای هەڵەبجەیان دابوو بە پێدانی كورسییەكی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پشكی تایبەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە كاكەییكان، بۆ ئەو مەبەستەیش كەسێكی كاكەیی بۆ وەرگرتنی ئەو كورسییە دیاری دەكەن.
(بەشارەتی) باسی لەوەیش كرد، ئەو كورسییەیشی كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بۆ كاكەییەكان بە شێوەی كورسیی كۆتا دیاری كراوە، پەیوەندی بە خودی كاكەییەكان خۆیانەوە هەیە و لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ هەڵبژاردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو كورسییە كۆتایە.
بەرپرسی لقی 12-ی پارتی جەختی لەوەیش كردەوە كە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەوەندی پێیان دەكرێت لە خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكاندا بوون و دەبن بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە بە بێ جیاوازی، بۆ ئەو مەبەستەش توانیویانە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەگەڵ چینوتوێژە جیاوازەكانی هەڵەبجەدا دروست بكەن.
بڕیارە 22-ی ئەم مانگە كاكەییەكانی هەڵەبجە هەڵبژاردنێكی تایبەت بە دیاریكردنی كەسێكی كاكەیی بۆ وەرگرتنی كورسیی كۆتای كاكەییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش 11 كەس خۆیان كاندید كردووە و بەو شێوەیەیش كاكەییەكان دەبنە خاوەنی دوو كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە
ئاسۆ عەلی




