ئەنجوومەنی دادوەری: ١٠ دادوەر و ١٠٠ لێکۆڵەرەوەی دادوەری خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی دادوەری ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ دانانی ١٠ دادوەر و ١٠٠ لێکۆڵەرەوەی دادوەری وەک حاڵەتی ئامادەباشی بۆ دەستەی دەستپاکی بۆ دەست بەکاربوون لەو دەستەیە؛ ئەمەیش بۆ چارەکردنی کێشەی کەمیی لێکۆڵەرەوەی دادوەرییە بۆ دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی دادوەری، پێشتر هەندێکی دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویان کردووەتەوە کە، ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانی دەستەی گشتیی دەستپاکیی هەرێم هەیە کە ئەویش کەمبوونی ژمارەی لێکۆڵەرەوە دادوەرییەکانە، بۆیە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری ئامادەیی خۆی بۆ دەستنیشانکردنی دادوەر و لێکۆڵەرەوەی دادوەری بۆ دەستەی دەستپاکی راگەیاند و، ئێستایش چاوەڕێی دەستەکەیە بۆ ئەوەی ژمارەی پێویستی دادوەر و لێکۆڵەرەوەی دادوەرییان پێ رابگەیەنێت.
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەیشی داوە کە، پێش ماوەیەکیش بڵاو کرایەوە کە دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دامەزراندنی لێکۆڵەرەوەی دادوەری هەیە و دواتر پرۆژەیاسایەکیان پێشکەش کرد بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی دەستەڵاتی دادمەزراندنی لێکۆڵەرەوەی دادوەری هەبێت، بەڵام چونکە ئەو دەستەڵاتە تەنیا لە دەستەڵاتی ئەنجوومەنی دادوەرییە، بۆیە بووە جێی رەخنەی ئەنجوومەنی دادوەری و دواتر پرۆژەیاساکە لە سەرۆکایەتیی هەرێم واژۆی نەکرا. بۆیە دوای دانیشتنێکی نێوان ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەستپاکیی هەرێم ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم بڕیاری دا ١٠ دادوەری لێکۆڵینەوەو ١٠٠ لێکۆڵەرەوەی دادوەری بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە هەر چوار ناوچەی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە و لە پێناو پەلەکردن لە جێبەجێکردنی یاسای دەستەی گشتیی دەستپاکی.
ئەنجوومەنی دادوەری داوایشی کردووە کە، چاوەڕێ ئەوە دەکات بە زووترین کات دەستەی دەستپاکی ژمارەی پێویست دەستنیشان بکات و شوێنی کارکردنیش بۆ لێکۆڵەرەوە دادوەرییەکان زامن بکات بۆ ئەوەی دەستبەکار بن.




