گەلێ گرنگە سه‌رۆكی حكوومه‌ت سەردانی به‌غدا دەکا؛ قۆناغی دووه‌می ڕێككه‌وتنه‌کەیە

بەغدا -KDP.info- کەمێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، بۆ دانوستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا گەییشتە بەغدا و، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانینه ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا؛ خۆی ئه‌م سه‌ردانه گرنگه بۆ هه‌ردوو لا، چونكه قۆناغی دووه‌می ڕێكه‌وتنەکەیە.
(حاكم سه‌رحان محه‌مه‌د) ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێمه وه‌ك ئه‌ندامانی كورد له به‌غدا به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانینه ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا. سه‌ردانەکە بۆ هه‌ردوو لا گرنگە، به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وه قۆناغی دووه‌می ڕێكه‌وتنه‌کەیە؛ ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كەی ئه‌مڕۆ ئیجابی بێ، زۆر گرنگ ده‌بێت و خزمه‌تێكی زۆر به هه‌ردوو لا ده‌گه‌یێنێت، به تایبه‌تی بۆ به‌غدا چونكه ئێستا حكوومه‌تی عێراق لەبەر دابەزینی نرخی نەوت له قه‌یرانی داراییدایه."
(حاكم سه‌رحان) له‌و باوه‌ڕه‌شدایه، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كە ئیجابی بێ تا دووبه‌یانی بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گات، چونكه به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو له وه‌زاره‌تی داراییەوە پێم دراوە، بوودجه و مووچه‌ی كوردستان ئاماده‌یه و ته‌نیا ماوه بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت و، ڕه‌وانه‌ی كوردستان بكرێت.
دەربارەی به‌یاساییکردنی بوودجه‌ی عێراقیش گوتی: "بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته یاسا و، حكوومه‌تی عێراق هەر دەبێ جێبه‌جێی بكات، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێی نه‌كات، دیارە عێراق حكوومه‌ت نییه و پێی ناکرێت یاساكان جێبه‌جێ بكات.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی گوتیشی، هه‌ندێك ده‌نگ له به‌غدا هه‌ن ده‌یانه‌وێت كێشه بنێنەوە و، پەکی ڕێككه‌وتنەکە بخەن؛ نایانه‌وێت عێراق پێش بكه‌وێت، هەڵبەت ده‌نگیان زۆر كه‌مه و، پێیان ناکرێ نەهێڵێن ڕێكه‌وتنەکەی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا جێبەجێ ببێت.
ئه‌مڕۆ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به شاندێكی یاوەرەوە سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا له‌سه‌ر كێشه هه‌ڵپه‌سراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به تایبه‌تی بوودجه و نه‌وت كۆ ده‌بنه‌وه.
ڕابین شێروانی




