سۆران.. رۆژی خۆشه‌ویستی كرایه رۆژی پاڵپشتیی پێشمه‌رگه

سۆران-KDP.info- ئه‌مڕۆ 14\2 كه به ڕۆژی خۆشه‌ویستی ناسراوه، قوتابیان و مامۆستایانی په‌یمانگای ئه‌هلیی رواندز و هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ری سۆران، خۆشه‌ویستیی خۆیان بۆ پێشمه‌رگه‌كان به خوێن به‌خشین نیشان دا و، له نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتیی سۆران نزیكه‌ی 100 بوتله خوێنیان به‌خشییە بریندرانی پێشمه‌رگه.
سه‌رپه‌رشتیاریاری په‌یمانگای ئه‌هلیی رواندز (د. یاسین به‌حركه‌یی) ، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، له نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی (گشتیی سۆران)، قوتابیان و مامۆستایانی په‌یمانگای ئه‌هلیی رواندز، به هاوكاریی رێكخراوی خوێنبەخشان و لیژنه‌ی قوتابیان، له ڕۆژی خۆشه‌ویستیدا كه به ڕۆژی " ڤاڵانتاین" ناسراوه، خۆشه‌ویستیی خۆیان به خوێن پێشكه‌شی برا پێشمه‌رگه‌كان كرد، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا نزیكه‌ی 100 بوتله خوێن كۆ كرایه‌وه بۆ پاڵپشتی هه‌ر حاڵه‌تێكی بریندرابوونی پێشمه‌رگه.
گوتیشی: له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا جگه له قوتابیان و مامۆستایان، هاووڵاتیانی دیكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران به‌شداریان له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا كرد و خوێنی خۆیان به‌خشی.
(د. یاسین به‌حركه‌یی) دەڵێ، "به هۆی ده‌وامه‌وه مامۆستا و قوتابیان ناتوانن له به‌ره‌كانی جه‌نگ ئاماده بن و به‌رگری له نیشتمان و ده‌ستكه‌وته‌كان بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ستمان به‌وه كرد ده‌توانین به خوێن یارمه‌تیی برا پێشمه‌رگه برینداره‌كانمان بده‌ین، بۆیه ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌مان ئه‌نجامدا و له داهاتوویشدا له هه‌ڵمه‌تی له‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بین."
رابین شێروانی




