ئەم هەفتەیە زوممار و دەوروبەری رووناك دەكرێنەوە
زوممار-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار (موزاحم سەعدوون) دەڵێت، دوای ئازادكردنی شارەدێی زوممار و گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە كردووە و تا ئێستا زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ زوممار دابین كراونەتەوە و ئەم هەفتەیەیش بە ڕاكێشانی كارەبا لە بەنداوی مووسڵەوە، رووناك دەكرێتەوە و لە سنووری ئەو شارەدێیە ژیان تەواو دەگەڕێتەوە دۆخی جاران.
بەڕێوەبەری شارەدێی زوممار(موزاحم سەعدوون)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، لە دوای ئازادبوونی شارەدێی زوممار و دەوروبەری ژیان لەو ناوچانە بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە و هەر یەك لە هاووڵاتیان و فەرمانبەران چوونەتەوە سەر كارەكانیان، وەك ئەوە وایە هیچ شتێك لە زوممار ڕووی نەداوە، بازاڕ بە تەواوەتی كراوەتەوە و زیاتر لە 75%-ی هاووڵاتیان گەڕاونەتەوە سەر ماڵەكانیان و ڕۆژانەیش گەرانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە.
(موزاحم) گوتیشی، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لە بەنداوی مووسڵەوە كارەبا بۆ زوممار رابكێشرێت، ئێستا لە قۆناخی تەواوبووندایە و لەو هەفتەیەدا تەواوی شارەدێی زوممار رووناك دەكرێتەوە و ژیان دەگەڕێتەوە دۆخی جاران.
رابین شێروانی




