٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مانگی ئادار پارەی دانەوێڵەی جوتیارانی هەرێم رەوانە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە لیستی زەردی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ماوەی سێ مانگە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی لەهەوڵدان و ئەو كێشەیەیان گەیاندووەتە جێگر و خودی سەرۆكی پەرلەمان و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراقیش قسە كراوە بۆ ناردنی پارەی دانەوێڵەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان..هەروا پێشبینی کرد کە مانگی ئادار پارەی جوتیاران رەوانە بکرێت.

ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (بەشار مشیر ئاغا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین و ماوەی زیاتر لە سێ‌ مانگە چەندین جار سەردانی وەزارەتی بازرگانیمان كردووە، چونكە ئەو كێشەیە پەیوەندی بەوانەوە هەیە و میوانداریی وەزیری بازرگانیمان كردووە بۆ لیژنەكەمان زۆر گفتوگۆمان لەگەڵی كردووە لەبارەی كێشەی نەناردنی پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانەوە".
(بەشار مشیر) گوتیشی، "لە رێگەی جێگر و خودی سەرۆكی پەرلەمان چەندین جار هەوڵمان داوە لەگەڵ بەغدا قسەمان كردووە بۆ ناردنی پارەی دانەوێڵەی جووتیاران، وەڵامی بەغدا ئەوەیە كە ئەوان هیج جیاوازییەك ناكەن لە دابەشكردنی پارەی گەنم لە عێراق بە گشتی، بەڵام ئەوان بەپێی رێكەوت پارەكە دابەش دەكەن لەبەر ئەوە لە ناوەڕاست و باكوور پێش هەرێمی كوردستان دەست دەكەن بە دوورینەوە، بەڵام لە كوردستان مانگێك یان مانگ و نیوێك دوای ئەوان دەست دەكەن بە دوورینەوە، ئەمەش وادەكات ئەوان زووتر پارەكە وەربگرن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ لە فڕاكسیۆنی زەرد ئاماژەیشی دا، "60%-ی پارە كە دابەش كراوە و 40% پارەی هەرێمی كوردستان ماوە، ئێمەیش بەردەوام لەهەوڵداین و بەپێی زانیاریی خۆم پێشبینی دەكەم مانگی 3 "ئادار" ئەو پارەیە بگاتە هەرێمی كوردستان و دابەش بكرێت".
(بەشار) ئەوەیشی خستەڕوو كە، "چاوەڕوانی شاندی هەرێم دەبین كە سەردانی بەغدا دەكات بۆ چارەكردنی زۆر كێشە، یەكێك لەو كێشانەیش پێدانی پارەی جووتیارانە لەبەر ئەوەی ناكرێت وەرزی دوورینەوە هات و نزیك بووەتەوە، بەڵام جووتیار هێشتا لە بەغدا پارەی گەنمی پاری بۆ نەهاتووە".
نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار