٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێویستە سەرچاوەی داراییی تیرۆریستان وشك بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لە هەولێر لەگەڵ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم كۆبوونەوەیان كرد؛ هەردوو لا هاوڕا بوون كە بۆ لەنێوبردنی داعش پێویستە پەنا ببرێتە بەر وشككردنی سەرچاوەی دارایی ئەو تیرۆریستانە و هەروا جەخت لە كاركردنی پێكەوەیی بۆ لەنێوبردنی تیرۆر كرایەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كاروباری كەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران (محەممەد فرازمەند) سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. لە میانی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر، تیشكی خستە سەر هۆكاری سەردانەكەی بۆ هەرێم و باسی لە گرینگیی پەیوەندیی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد.
هەروەها باسی لە بایەخی سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ هەرێم لەماوەی رابردوودا كرد و ئاماژەیشی بە دەنگدانەوەی ئەم سەردانە لە ناوەندە شیكاری و میدیاییەكان كرد. هاوكات تیشكی خستە سەر تێڕوانینی وڵاتەكەی بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و گوتی، كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك یەك مامەڵە لەگەڵ پێكهاتە جیاجیاكانی عێراقدا دەكات.
لای خۆییشەوە كە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم (فەلاح مستەفا) پێشوازیی لێ كردبوو، بەخێرهاتنی شاندەكەی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئێران كرد. هاوكات سوپاسی كۆنسووڵی گشتیی ئەو وڵاتەی لە هەولێر كرد بۆ كار و هەوڵەكانیان بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، ئەوەیش لە ڕێگەی خاڵە هاوبەشەكان و بە لێكتێگەییشتنی هاوبەش بۆ بەرژەوەندیی هەردوولا.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەم رووەیشەوە گوتی، "پێویستمان بە شێوازێكی باشتر بۆ پێكەوەژیان لەم وڵاتەدا هەیە". هاوكات جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا كردەوە.
لەبارەی جەنگ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، (فەلاح مستەفا) گوتی، "ئێمە قوربانییەكی زۆرمان لەم جەنگەدا داوە". هاوكات خۆشحاڵیی خۆشی نیشان دا كە هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە رووبەرێكی فراوان لە لە تیرۆریستانی داعش پاك بكەنەوە و گوتیشی، ئازادكردنی ناوچەكانی دیكەی عێراق لە تیرۆریستان بە تایبەتی شاری مووسڵ، پێوستی بە هاوكاریی سوپای عێراق هەیە كە دوور بێت لە هەر ئینتیمایەكی ئایینی و مەزهەبی، ئەوەیش لە پێناوی سەركەوتنی پرۆسەی ئازاكردنەكە.
هەر لەم روانگەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ هەموو لایەك، بۆیە دەبێ‌ هەماهەنگی و كاری هاوبەش بۆ لەناوبردنیان بكرێت، ئەمەیش تەنها بە ڕێگەی سەربازی ئەنجام نادرێ، بەڵكە بڕینی سەرچاوە لۆجستی و داراییەكان و لە هەمان كاتدا پێویستە رێگەچارەی سیاسی بۆ ئەم پرسە لە بەرچاو بگیرێت.
لەم رووەیشەوە جەخت لە گرینگیی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمی كرایەوە، رۆڵ و هەوڵەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانیش بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش بە بایەخەوە هەڵەسەنگێندرا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار