عه‌لی عه‌ونی: پەکەکە لێره ده‌مێنن بۆئه‌وه‌ی بیانوو بده‌نه ده‌ستی داگیركه‌رانی كوردستان.. ده‌كشێینه‌وه‌یان به‌ڵامی زۆری تێدایه

شێخان -KDP.info- به‌رپرسی لقی 20ـی شێخان (عەلی عەونی) جەخت دەکاتەوە، هه‌ركه‌سێك له هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا شه‌هید بووبێ، مافی خۆیانه به شه‌هیدی نیشتمان حیساب بكرێن؛ دەربارەی ئەگەری کشانەوەی چەکدارانی پەکەکەیش لە باشووری کوردستان، ڕاشکاوانە دەڵێت، باڵێك له‌ناو په‌كه‌كه هه‌یه كه به ده‌ستی خۆی و به ئیراده‌ی خۆی ناسووڕێته‌وه و به به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی دیكه و به ئه‌مری خه‌ڵكی تر ده‌سووڕێته‌وه، ئه‌وه‌شی كه باس ده‌كه‌ن كه ده‌كشێنه‌وه، ئه‌وە به‌ڵامی زۆری تێدایه.
(عەلی عەونی) ئه‌ندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی لقی 20ـی شێخان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی نایشارێتەوە کە باڵێك له‌ناو په‌كه‌كه هه‌یه كه به ده‌ستی خۆی و به ئیراده‌ی خۆی ناسووڕێته‌وه، بەڵکە به به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی دیكه و به ئه‌مری خه‌ڵكی تر ده‌سووڕێته‌وه، باوەڕیشی وایە کە، "كه باس ده‌كه‌ن كه ده‌كشێنه‌وه، ئه‌وە به‌ڵامی زۆری تێدایه كه ده‌ڵێن ئێمه پێداچوونه‌وه‌ی ڕای‌گشتی ده‌كه‌ین، ڕای گشتییش سێ چوار نموونه‌ی وه‌كو لڤین و هاووڵاتین. كه دێنه سه‌ر جاده‌وه و سێ چوار لافیته هه‌ڵده‌واسن و ده‌ڵێن ئێمه ده‌مانه‌وێت بمێنینه‌وه، ئه‌وانیش ده‌ڵێن، ئێمه له‌سه‌ر داخوازیی گه‌ل ده‌مێنین و گه‌لیش ئه‌وه‌یه."
بەرپرسانی په‌كه‌كه لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لێدوانیان دا کە، ئەوان نیازی مانه‌وه‌یان نییە لە هەندێ ناوچەی باشووری کوردستان و دەکشێنەوە، بەڵام هەرچی (عه‌لی عه‌ونی)ـیە پێیوایە: "ئه‌وانه لێره ده‌مێنن بۆئه‌وه‌ی بیانوو بده‌نه ده‌ستی داگیركه‌رانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌شكركێشیی بكه‌ن به تایبه‌ت كه ئێستا باشووری كوردستان له قۆناخێكی چاره‌نووسگۆڕدایە و، ئەوەندەی نەماوە ڕزگاری ببێت، ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت ئاڵۆزی بكه‌ن و فرسه‌ت و بیانوو بده‌نه ده‌ستی داگیركه‌ران تا به‌و بیانووەوە بێنه ناو كوردستان؛ ئه‌م هه‌موو ئه‌گه‌ر و ئه‌مه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه."
(عه‌ونی) ڕوونیشی كرده‌وه، "ئه‌مه گله‌یی و داخوازی هه‌رێمی كوردستانه كه ده‌بێت بكشێنه‌وه، بۆیه مه‌جبوورن به‌رپه‌رچێك بده‌نه‌وه، ده‌ڵێن به‌ڵێ ئێمه ده‌كشێیینه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌ل داوا بكات! گه‌ل كێیه؟ گه‌لیش بە لایانەوە سێ چوار كه‌سی سه‌ر به خۆیانن، كه ته‌نزیمیان ده‌كه‌ن و خۆپێشاندانێك ده‌كه‌ن؛ ئه‌وانیش ئه‌وانه‌ن كه هه‌رچیی جوانیی ئه‌م حكوومه‌ته‌یه ڕه‌فزی ده‌كه‌ن و بێڕێزی به ده‌سكه‌وته‌كانمانەوە ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌وانه‌ش دێننه سه‌ر جاده و ده‌ڵێن، ئه‌وه گه‌ل داوای كردووه، ئه‌م گه‌مه‌یه‌ش زۆر كۆنه."
پێوه‌ست به ڕه‌چاوكردنی دەامەزراوەی یاسایی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه؛ (عه‌لی عه‌ونی) ڕوونی كرده‌وه، "میلله‌تی ئێمه شەش‌حەفت مانگێكه هه‌ڵبژاردنی كردووه، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌ن، بۆیه ده‌بێت په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ئه‌و بڕیاره بده‌ن كه ئه‌وان لێره بمێنننەوە یاخود بڕۆنه‌وه، به‌س ناكرێت به‌بێ ڕه‌چاوكردنی موئه‌سه‌ساتی یاسایی‌ی ئه‌و میلله‌ته، خۆ بسه‌پێنی به‌سه‌ر ئه‌و میلله‌تەدا."
(عه‌لی عه‌ونی) گوتیشی: "باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی كه لێره هه‌یانه بتوانێت هیچ شه‌ڕێك و هیچ هاوسه‌نگییه‌ك یه‌كلا بكاته‌وه به لایه‌كدا، ئاماده‌بوونیان ژماره‌یه‌كه كه كوردستان پێویستی پێ بوو مه‌چه‌كیان لێ هه‌ڵماڵی، منیش لاشەڕ (مه‌ده‌نی) بووم و كوردستان پێویستی بوو چه‌كم هه‌ڵگرتوو چوومه شه‌ڕ و چه‌ند مانگێك له شه‌ڕدا بووم ئه‌و كاته كوردستان پێویستی پێ بوو له شه‌ڕدا بووم، ئێستا ئاسایی بووەته‌وه منیش له شه‌ڕدا نیم؛ كه‌نگێش پێویست بكات چه‌ك هه‌ڵده‌گرمەوە و ده‌چمه‌وه بەره‌كانی شه‌ڕ بۆ پاراستنی كوردستان، به‌ڵام كه واجبم ته‌واو بوو خۆم ده‌چم خواحافیزی و خاترخواستن له پێشمه‌رگه ده‌كه‌م و دێمه‌وه باره‌گای خۆم."
پێوه‌ست به شه‌هیدانی پارچه‌كانی تری كوردستان له شه‌ڕی دژی داعشدا، به‌رپرسی لقی 20ـی شێخان گوتی: "هه‌ركه‌سێك له هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا شه‌هید بووبێ، چ ناوی به ڕه‌سمی له هێزی له‌شكری كوردستاندا بووبێ یان وه‌كو خۆبه‌خش یان ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له پارچه‌كانی تری كوردستانه‌وه چ له باكوور، ڕۆژهه‌ڵات، ڕۆژئاواوه هاتوون، هه‌موویان مافی خۆیانه به شه‌هیدی نیشتمان حیساب بكرێن؛ چونكه له‌به‌ر ئه‌و نیشتمانه شه‌هید بوونە. ئه‌وه‌ش مافی خانه‌واده و شه‌هیده‌كه‌یه تا له ڕیزی سه‌روه‌راندا تۆمار بكرێن و له مێژوودا دیار بن كه لێره له‌به‌ر ئازادیی كوردستان شه‌هید بوونە."
دەربارەی مه‌یدانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی په‌كه‌كه و خۆسەپاندنیان له‌سه‌ر باشووری كوردستان، (عه‌لی عه‌ونی) گوتی: "ئێستا كاتی یه‌كخستنی ستراتیژیه‌تی گه‌لی كوردستانه، ستراتیژیه‌تی گه‌لی كوردستان كه‌متر له سه‌ربه‌خۆیی نییه، ده‌بێت له ساتی ئه‌و خه‌ونه دێرینه‌ی گه‌لی كورد ئاڵۆزی نه‌كه‌ین و، خه‌ڵك نەخافڵێنین به شه‌ڕی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌مه‌ی دیموكراسی، ده‌بێت به ڕاستی خەریکی شتی ڕاستەقینە بین بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی خۆمان نه‌ك به دروشمی به‌تاڵ و باقوبریق؛ بۆیه ئێستا له هه‌مووی واجبتر بۆ په‌كه‌كه ئه‌وه‌یه مه‌یدانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی كه باكووری كوردستانه، له‌وێدا په‌ره به خه‌باتی خۆیان و كار و چالاكیی كوردایه‌تی و به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی نیشتمانپه‌روه‌ریی گه‌لی كوردستان بدات، كه ئه‌وێ مه‌یدانه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆیانه"؛ گوتیشی، "ئێمه‌ش ڕێبازی بارزانی فێری گیانفیدایی و خۆنه‌ویستیی كردووین، فێری خۆسه‌پاندن و ئینكاری خه‌ڵك و پشتگوێخستنی نه‌كردووین، ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن و هاوكاری و یارمه‌تییان داوین ئه‌ركیشیان ته‌واو بوو ده‌بێ بكشێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه بیانوو بده‌نه خه‌ڵكی تر ئه‌وه‌یان باس و بابه‌تێكی تره."




