"ئەگەر (ئۆباما) جیددی بێت لە لێدانی داعش، پێویستە کورد پڕچەک بکات"

واشنتن-KDP.info- ماڵپەڕی (ناشناڵ ڕڤیو ئۆنلاین)ـی ئەمەریکایی، باسی لێهاتوویی پێشمەرگەی کردووە، کە لە دوورەوە بە چەکەکانیان ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانی داعش لە نیشانە دەگرن و، دەڵێت سەیری ئەو دیمەنە سەرنج ڕاکێشەیان بکەن، هەڵبەت ئەوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بینراوە پێشمەرگەیەک لە بەرەکانی مووسڵ ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی داعش لە نیشانە دەگرێت و، ڕەنگدانەوەی باشیشی لێکەوتووەتەوە.
ڕاپۆرتەکەی (ناشناڵ ڕڤیوو ئۆنلاین) نووسیویەتی، دەرکەوتووە کە هێزەکانی کورد زۆرترین دۆستی ئەمەریکان، لەگەڵ دنیای ئەمڕۆیشدا دۆستن، چالاکترین هێزن کە شەڕی داعش دەکەن و دەستکەوت و پێشڕەوی و سەرکەوتنی باشیان بە دەست هێناوە، باشترین نموونەش کۆبانی و ناوچە بەرفراوانەکانی عێراقن کە تازە لەبن دەستی داعشیان دەرهێناوەتەوە.
لەو نزیکانەدا بەتایبەتی، کوردەکان سکاڵا دەکەن و گلەییان هەیە کە ئەمەریکا حەز ناکات چەکی نوێ و قورسیان بۆ بنێرێت، کە لە ڕاستیشدا زۆر پێویستیانە.
(پاتریک برێنان) نووسەری ڕاپۆرتەکە ڕاشکاوانە نووسیویەتی، چەند پێچوپەنایەک لە چەکدارکردنی کورددا دەبینرێت، بەڵام ڕاستیی ئەوەیە ئەگەر (ئۆباما) جیددی بێت لە لێدانی داعش جا لەهەر شوێنێک بن، پێویستە میوانداری و پێشوازی لە بۆچوونی پڕچەککردنی هێزە کوردییەکان بکات.
و/ خالید ئەحمەد




