دەنگۆی ئازادکردنی ئۆجەلان، ڕایگشتیی تورکیای بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە

ئانکارا-KDP.info- هێشتا دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەستگای هەواڵگریی تورکیا(هاکان فیدان) و ئەو ڕۆڵە سیاسییەی کە وەها بڕیارە بیگێڕێ، ڕایگشتی و نێوەندی سیاسی لە ئانکارا بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوون؛ ئەمەیش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی تورکیا(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان)، بە سەردانێكی چەند ڕۆژە چووەتە ئەمەریکای لاتین.
سەرباری ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆن و مێدیای ئەو وڵاتە باوەڕیان وایە کە (فیدان) لە پاشەڕۆژدا ڕۆڵی گرینگی دەبێ، بەڵام لێدوانەکانی (ئەردۆغان) وەهای نیشان دەدەن کە، ڕازی نییە لەوەی (فیدان) دەستگای هەواڵگری جێهێشتووە و پێیوایە لە شانۆیەکی سیاسی بەولاوە چی دی نییە.
لە یەکەم هەنگاویشدا کە ڕۆڵ و پێگەی (فیدان) بۆ پاشەڕۆژ نیشان دەکات، کە (ئەردۆغان) بە "نهێنپارێز" ناوی دەبات و نزیکە لە سەرۆکوەزیران (ئەحمەد داوودئۆغڵو) و، حکوومەتەکیشی جەختی کردووەتەوە کە (فیدان) کە لە ئێستادا ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانە، بۆ چوونە نێو هەڵبژاردنی هاوینی دادێ، ساز دەدرێ؛ هاوکات لە بەڕێوەبردنی گفتوگۆکانی دواتریش لەگەڵ سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە(عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـدا بەردەوام دەبێ، کە بە دیدار و گفتوگۆی نهێنی لە زینداندا بەر لە زیاتر لە ساڵێک دەستی پێکرد.
ئەم هەنگاوەیش هاوکاتە لەگەڵ ئەو دڵنیاییەی سەرکردەکانی پارتیی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دەڵێن، دانوستانی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لە نێوان حکوومەتی تورکیا و (ئۆجەلان)ـدا بەمزووانە ساز دەدرێ؛ هەڵبەت جێگری سەرۆکوەزیران(یاڵچ ئاکچوگان)ـیش کە چاودێریی دۆسێی کورد لە وڵاتەکەیدا دەکات، جەختی لێ کردووەتەوە.
(خەتیب دیجلە) یەکێکی ئەو پەرلەمانتارانەیە کە لە زیندانەکەیدا چاوی بە (ئۆجەلان) کەوتووە و مەبەستی بووە، پردی پێوەندی لە نێوان و ئەو و باڵی سەربازیی قەندیلدا دروست بکات، دەڵێ "ئێمە باوەڕمان وایە ڕاگەیاندنێکی مێژوویی و گرینگ لە نەورۆزی دادێ کە لە مانگی سێدایە دێتە ئاراوە، سەرەتا دەچینە قەندیل و دواتر لەگەڵ حکوومەتدا کۆ دەبینەوە، ئینجا بۆ دانوستان دەچینە لای (ئۆجەلان)، هیوایش دەخوازم بتوانین لە وادەی دیاریکراودا بگەینە ئەو هەنگاوە."
ئەم لێدوانەی (خەتیب دیجلە)، لای نزیکەکانی حکوومەت و هیی ئۆپۆزسیۆنیش لە دوو شێوەدا ڕەنگدانەوەی هەبووە و، لە نێوەندی حکوومەتدا پێشبینی دەکرێ ئاگربەستی کۆتایی لە لایەن (ئۆجەلان)ـەوە ڕابگەیەنرێ و کۆتایی بە چەندین دەیە لە شەڕ بێنێ؛ ئۆپۆزسیۆنیش وای بۆ دەچێ کە، ئەو لێدوانە زەوینەسازییە بۆ ئازادکردنی (ئۆجەلان) لەو مێژووەدا و لێبووردنی بۆ دەربچێ و، دواتر دانوستان لە نێوان حکوومەت و نوێنەرانی کورد لە تورکیادا بە فەرمی دەست پێبکات، هەر ئەمەیشە کە پارتیی گەلی کۆماری و بزووتنەوەی نەتەوەپەرستەکانی تورک هۆشدارییان لەبارەیەوە داوە.




