مێژووی کورد و کولتووری کوردستانیان بە پۆڵۆنیاییەکان ناساند

پۆڵۆنیا-KDP.info- گرووپێک لە قوتابیانی ناوەندی یادڤیگای پیرۆز، چەندین چالاکیی جۆراوجۆریان لە پڕۆژەیەکی دەوریدا لە لوبۆژیچا ساز کرد و؛ قوتابییە پۆڵۆنییاییەکان شارەزاییی تەواویان لە بابەت مێژوو و کولتووری کوردستان وەرگرت، ئەمەیش وایکرد، دیپلۆمی سوپاسگوزاری بەو گرووپە قوتابییەی کورد بدرێت کە بەو کارە هەڵساون.

چوارشەممه 11ـی فبرایەر گرووپێك له قوتابیانی کوردستان کە پێکهاتبوون لە خانمان (ئێبرۆ)، (مەریەم) و (فادی) به سەرپەرشتیی (د. حەکیم خۆشەوی) بەرنامەیەکی تایبەتیان ئاماده کرد دەربارەی کورد و کوردستان بۆ قوتابیانی ناوەندی یادڤیگای پیرۆز لە شارۆچکەی لوبۆژیچای خوارووی شاری کڕاکۆڤ.
چاوپێکەوتنەکە له میانەی پڕۆژەیەکی دەوری بوو، که لهژێر چاودێری و سەرپەرشتیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له پۆڵۆنیا بەڕێوە چوو، یەکێکی دی بوو لەو بۆنانەی بە هاوکاریی سەنتەری کوردی ڕێكخرا به مەبەستی زۆرتر ناساندنی مامۆستایان و لاوانی پۆڵۆنیا بە پرس و بابەتەکانی پێوەست بە کورد و کوردستان.
لاوانی کورد باسی مێژووی کوردستان و گەشتوگوزار و ئایینە جیاوازەکانیان بۆ قوتابیان کرد و، لە ڕێگەی نیشاندانی پرێزێنتەیشنێكی مۆڵتیمێدیایی، فیلمێكیان دەربارەی کوردستان پەخش کرد، کە دیدارەکەی دەوڵەمەندتر کرد. لە کۆتاییدا وۆركشۆپێکی بچووك بۆ زمانی کوردی ساز درا. قوتابییه کوردەکان دیپلۆمی سوپاس و پێزانینیان لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکه وەرگرت له پای ئەو دیدارەی کە وای کرد قوتابییه پۆڵۆنیاییەکان سرووشت و مێژووی دەوڵەمەندی کولتووری کوردستان بناسن.
دیدار و چاوپێکەوتنی ئەوها به یاوەریی قوتابیانی کورد لە قوتابخانەکانی پۆڵۆنیا، جگە لەوەی شارەزایی و زانیاریی قوتابیان زۆرتر دەکات دەربارەی کورد و کوردستان، هەروەها دەبێته هۆی فراوانترکردنی هەستی فرەکولتووری و هاوژیانی و ناسینی داب و نەریتی گەلانی دی.






