کوردانی ئێزدی، بەرەبەرە دەگەڕینەوە ناوچەکانیان

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە پارێزگای دهۆك دەڵێ، لە کۆی ئەو ٤٠٠ هەزار کوردە ئێزدییەی ناوچەکانیان جێهێشتبوو و روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردبوو، پاش ئازادکردنی ناوچەکانیان ژمارەیەکی زۆریان بۆ ناوچەکانیان گەڕاونەتەوە.
بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە پارێزگای دهۆك (هادی دووبانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا لە دەوروبەری شنگال زیاتر لە 10 گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بە گوتەی ئەو كەسانەیش كە لە دەستی داعش رزگاریان بووە، دوای ئازادكردنی شنگال و دەوروبەری چاوەڕوان دەكرێت 9 گۆڕی دیكەیش بدۆزرێنەوە.
(هادی دووبانی) داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكان دەكات، زیاتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، لە ناساندنی تاوانی شنگال بە جینۆساید، هەروەها داوایش لە هاووڵاتیان دەكات دەستكاری ئەو گۆڕانە نەكەن، چونكە ئەوانە دەبنە بەڵگەیەكی باش بۆ بە جینۆسایدناساندنی شنگال.
ئاشكرایشی كرد: "لە ناو ئەو گۆڕانەی كە دۆزراونەتەوە منداڵ و ئافرەت و پیاوی هەن، كە نیشانی دەدات تیرۆریستان بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە و سەری هەندێكی تەرمی نێو گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە لاشەیان جیا کراوەتەوە و ئەوانی دیکەیش گولـلەباران كراون."
(دووبانی) زیاتر گوتی، 550 هەزار کوردی ئێزدی لە كوردستان دەژین، دوای هاتنی داعشیش، زیاتر لە 400 هەزاریان شوێنەكانی خۆیان جێهێشتووە و، ئاوارەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوونە، بەڵام دوای ئازادكردنی ناوچەكانیان بەرەبەرە دەگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان.
رابین شێروانی




