هەوڵی ڕاکردنی کوردە گەرگەرییەکانی مووسڵ، بێئاکام بوو

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زوممار دەڵێت، ٦٠ خێزانی کوردی هۆزی گەرگەری لە مووسڵ، ویستیان خۆیان بگەیەننە سنووری هەرێمی کوردستان و لە دەستی داعش رایانکرد، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و جارێکی دی داعش دەستگیری کردنەوە و بۆ ئەو گەڕەکانەی گەڕاندنەوە کە لێوەی نیشتەجێ بوون.
ژمارەیەک لە خێزانی کورد کە تا ئێستا لەنێو مووسڵدا مابوونەوە، هەوڵیاندا کە ئیدی مووسڵ جێبهێڵن و بەرەو سنووری هەرێمی کوردستان بکەونە ڕێ، بەڵام لەلایەن داعشەوە دەستگیر کران، پێوەست بەو پرسەوە بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زوممار (حەسەن خەلۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، تێکڕایان ژمارەیان ١٠٠ خێزانە و کوردن و لە گەڕەکەکانی تەنەک، ئیسڵاح، زیراعی و سەورە، نیشتەجێن؛ ئەوان بارودۆخی ئابوورییان گەڵێک خراپە و تیرۆریستانی داعشیش لەگەڵیاندا زۆر خراپ هەڵسوکەوت دەکەن، بۆیە ٦٠ لەو خێزانانە ویستیان بۆ هەرێمی کوردستان رابکەن، بەڵام داعش بەو هەوڵەی زانین و دەستگیری کردن؛ دواتر بۆ ئەو گەڕەکانەی گەڕاندنەوە کە لێی نیشتەجێ بوون.
(حەسەن خەلۆ) گوتیشی، "پێوەندیم کردووە بە ژمارەیەک لەو خێزانانە کە زۆربەیان لە هۆزی گەرگەرین، ئەوان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و داعش بە بەردەوامی گوشاریان دەخاتە سەر؛ هەروا لە رووی ئابووریشەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدان."
بڵند ئیبراھیم




