پێشمەرگە گورزی لێ وەشاندوون..داعش ٥١ کوژرا و ١٢١ برینداری گوازتنەوە مووسڵ

مووسڵ-KDP.info-بەگوێرەی زانیاری (سەعید مەموزینی) لە ئاکامی ئەو گورزە گەورەییەی هێزەکانی پێشمەرگە لەدوێشەو تا ئەمڕۆ لە داعشی وەشاندووە؛ داعش ١٢١ بریندار و ٥١ کوژراوی گوازتووەتەوە نێو مووسڵ.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەمموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لە دڕەنگانی دوێشەو تا ئەمڕۆ لەگشت میحوەرەكان توانیان بە قارەمانیەتیەكی گەورە رووبەرووی تیرۆرستانی داعش ببنەوە و وانەیەكی لەبیر نەكراویان پیشان دان؛ ئەمڕۆکە لاشەی 51 كوژراو و 121 برینداریان بۆ گەڕاوەتەوە نێو مووسڵ ئەوەی کە سەیرە گرنگی پێ نادەن و لاشەیەكی یەكجار زۆریان لە بەرەكانی شەڕ بەجێ هێشتوون؛ هەروا 12 لەبریندارانیان بەهۆی نەبوونی دەرمان و چارەسەری مردوون .
ئەو بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ی پارتیی گوتیشی کە، تیرۆرستانی داعش لەناو شاری مووسڵ ئەمرۆ 31 كەسیان گوللەباران كردووە كە ئامادەنەبوون شەڕیان بۆ بكەن كە تەمەنیان لەنێوان (25_40 ) بووە و خۆیان بە تیرۆرستانیان گوتووە ئێوە بمانكوژن باشترە چونکە شەهید دەبین؛ بەڵام ئەگەر بۆ ئێوە شەڕبكەین لەبەرانبەر هێزی پێشمەرگەدا ئەوا لە خۆمان دەچین و جێگامان دۆزەخە، بۆیە تیرۆریستانی داعش زۆر توورەبوونە لە داخانا یەکڕاست پێنجیان لێ سوتاندون و ئەوانی دیکەیان گوللە باران کردوون.
نەشوان بەرزنجی




