پێشبینی کرد تا مانگێکی دی داعش کۆتایی پێبھێت..خۆکوژەکانی داعش سەرکەوتوو نەبوون

باشیک-KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشیک (حەمید ئەفەندی) پێشبینی کرد تا مانگێکی دی داعش کۆتایی پێبهێت، هەروا گوتیشی کە هیزەکانی پێشمەرگە لە تەواوی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان بە ئاگان؛ هەرکاتێ بیانەوێ هێرشبکەن پێشمەرگە بەرپەرچیان دەدەنەوە و زیانی گەورەیان پێدەگەیەنن..(ئەفەندی) گوتیشی کە، لە میحوەرەکەیدا ئەمڕۆ گشت هەوڵە خۆکوژییەکانی داعشیان پوچەڵکردوونەتەوە و تێکیان شکاندوون.
بەرپرسی میحوەری باشیک (حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سەعات پێنج تیرۆریستانی داعش دوو خۆکوژیان بۆ ئێمە رەوانەکرد و نزیک بوون لە سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی خۆیان بتەقێننەوە، بەڵام پێشمەرگە زۆر ھوشیار بوون یەکسەر تەقەیان لێکردن و ھەردووکیان کوشتن و تەقینەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ زیانێک بە پێشمەرگە بگەینن.
(حەمید ئەفەندی)گوتیشی، دواتر خۆکوژێکی دیکە ھات بۆ ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام پێشمەرگەیەک بە قەناس لێیدا و کوشتی.
بەرپرسی میحوەری باشیک ڕوونیشی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان و ھێزی پێشمەرگەش مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان کردو زیانی زۆریان پێگەیاندوون و بە دەیان لاشەیان لەوێ کەوتوون؛ رێگە نەدرا پلانەکەیان سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەوان بەنیازبوون خۆکوژ بنێرن و دواتر ھێرش بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
(ئەفەندی) راشیگەیاند، تیرۆرستانی داعش ورەیان روخاوە و توانایان نەماوە و لەئێستادا ھێزی پێشمەرگە شارەزای پلانەکانیان بووە و حەزیان لێیە داعش ھێرش بکەن بۆ ئەوەی زیانیان پێبگەینن، بۆیە بەبڕوای من ئەستەمە تا مانگێکی دیکە خۆیان بگرن و لە مووسڵیش خەڵک وەدەریان دەنێن و پێشمەرگەش کۆتاییان پێ دەھێنێت.
بڵند ئیبراھیم




