لە شنگال 10 تیرۆرست كوژران و هەمەڕێكیش سوتێندرا

شنگال-KDP.info-بۆجارێکی دیکە هێزەکانی پێشمەرگە هێرشێکی تیرۆریستانی داعشیان لەنێو شنگال تێکشکاند و بەگوێرەی لێدوانی فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) کە زیانەکانی داعشی پێگوتین، ١٠ تیرۆریست کوژراون و هەمەڕێکیشیان لێ سوتێندرا.
فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت کە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ داعش لە شنگال هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام نەیانتوانی یەك مەتر بێنە پێشەوە و ئەوەی هات بێت نەگەڕاوەتەوە و لە شوێنەكەی كوژراوە، یان بریندار بووە. بە گوێرەی زانیارییەكان و ئەوەی ئێمە بە چاوی خۆمان بینیوە 10 تیرۆریست كوژران و ئۆتۆمبێلێكی هەمەڕیش سووتێندراوە.
(شەشۆ) دەشڵێت، ئێستا زیاتر لە 30% شنگال لە دەست هێزەكانی پێشمەرگەدایە، ئەو شەڕەی دەكرێت هەموو لە ناو ماڵەكانە و داعش ناوێرن لەناو ماڵان بێنە دەرەوە و لەناو خانووەكان بۆ خۆیان شوێنیان چاككردووە و لەوێ بوردومانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، ئەگەرنا بە هۆی ئەوەی هەموو شوێنە ستراتیژییەكانی شنگال لە دەست هێزەكانی پێشمەرگە دایە، هەر لە خانووەكان بێنە دەرەوە ئێمە بوردومانیان دەكەین و لەناویان دەبەین.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال گوتیشی، داعش لەناو شنگال لە ترسی هێزەكانی پێشمەرگە دەستی بە تەقاندنەوەی خانوو و شوێنە گشتییەكان كردووە و كەلوپەلی خەڵك بۆ ناوچەكانی دیكە دەگوازنەوە، ئەوەیش بە مانای ئەوە دێت هیچ هێزێكی وایان لەناو شنگال نەماوە و لە ترسی پێشمەرگە ناوچەكە چۆڵ دەكەن.
(شەشۆ) ئاماژەیشی کرد کە، ئێمە لە ناو شنگال و شوێنەكانی دیكە لە چاوەڕوانی فەرمانین لەسەرووی خۆمان پێ بكرێت بۆ ئەوەی هێرش بكەینە سەر چەكدارانی داعش و شنگال ئازاد بكەین.
رابین شێروانی




