ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم پرۆژه‌بوودجه‌ى 2015ـی خستووەتە بەر باس.. په‌رله‌مان چاوه‌ڕوانیەتی

هەولێر-KDP.info- بڕیارده‌رى لێژنه‌ى داراییى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌رله‌مان چاوه‌ڕوانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه پرۆژه‌بوودجه‌ى 2015 ته‌واو بكات و بینێرێته په‌رله‌مان. ده‌شڵێت، به‌غدایش ده‌بێت پابه‌ند بێت به ناردنى بوودجه‌ى پشكى هه‌رێم.
دوو ڕۆژه بوودجه‌ى 2015ـی عێراق له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماره‌وه په‌سه‌ند كراوه، به بڕى 119 ترلیۆن دینار له‌و بڕه 23 ترلیۆن كورتهێنان هه‌بووه.
بڕیارده‌رى لێژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى كوردستان(هیڤا حاجى میرخان)، به ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتیى دیموركراتى كوردستانى راگه‌یاند: لەو بوودجەیەدا به‌شى هه‌رێمى كوردستان 14 ترلیۆن و 800 ملیار دیناره، له‌هه‌مان كاتدا ترلیۆنێك و 200 ملیۆن دینار بۆ پێشمه‌رگه دانراوه، كۆی گشتیی بوودجه‌یش نزیك به 16 ترلیۆن دیناره، له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماره‌وه په‌سه‌ند كراوه، بۆیه ده‌بێت ئه‌و پاره‌ىەی بۆ هه‌رێمى كوردستان دانراوه، بنێردرێت و له نه‌ناردنى به‌غدا به‌رپرس دەبێ."
له‌باره‌ى ئاماده‌كاریى پرۆژه‌بوودجه‌ى 2015ـی هه‌رێمى كوردستان، (هیڤا حاجى) دەڵێت: "ده‌بێت وه‌زاره‌ته‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم خه‌رجیى داراییى خۆیان بۆ وه‌زاره‌تى دارایى بنێرێن، دواتر وه‌زاره‌تى دارایى و پلاندانان كۆ ده‌بنه‌وه و ئه‌وانیش گفتوگۆى خۆیانى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كه چیى بكرێت و دواتر ره‌وانه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ده‌كرێت و ده‌نێردرێته په‌رله‌مان؛ به‌ڵام هه‌تا ئێستا ئه‌م هەنگاوانە نەنراون، ئەمەیش له‌به‌ر دوو هۆكاره: یه‌كه‌م له ساڵى 2014 میزانییه له عێراق نه‌بووه، حكوومه‌تى هه‌رێمیش نه‌یزانیوه داهاتى چه‌ند ده‌بێت تا بتوانێت میزانییه دابنێت، به‌ڵام له بوودجه‌ى 2015 له به‌غدا پشكى هه‌رێم دیارى كراوه و په‌سه‌ند كراوه، وه‌زاره‌ته‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمیش ده‌توانن میزانییه‌ى خۆیان به‌و ڕێكاره ئه‌نجام بده‌ن".
گوتیشى: "ئێستا له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران خه‌ریكى گفتوگۆن دەربارەی پرۆژه‌بوودجه‌ى 2015، ئێمه‌یش وه‌ك په‌رله‌مان چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین".
کارزان هەورامی




