لە شکستەکەی باشیکدا، تیرۆریستان 100 کوژرا و برینداریان دا

باشیک-KDP.info- شەوی رابردوو لە هەر دوو میحوەری باشیک و زەرتک زیاتر لە 100 چەکداری داعش کوژراون و 6 ئۆتۆمبێلیش هەمەڕیش سووتێنراون و زیانێکی زۆری ماددیش بەر تیرۆرستان کەوتووە و سەریان لێشێواوە و بەرەو ناو مووسڵ هەڵدێن.
(مووسا گەردی) فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە قوپان و پیر حەلان و باشیک هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە وەها بە توندی و دەستوبرد بەرپەرچی دانەوە و لەو شەڕەدا 15 تیرۆریستی داعش کوژران و ژمارەیەکیشیان لێ بریندار بکەن. هەروەها هەمەرێکیشیان لی سوتێندرا."
(مووسا گەردی) لەبارەی هێرشەکەی چیای زەرتکیشەوە گوتی، "پێشمەرگە کارگەیەکی کاشی لە گوندی شێخەمیر تەقاندووەتەوە، ئەو کارگەیە بازگەی داعش بووە و تیرۆریستان لەوێ کۆ بوونەتەوە، دوای تەقاندنەوەی ئەو کارگەیە، زیاتر لە 100 تیرۆریست لە کوژراو و بریندار هەن، هەر لەو میحوەرە 5 ئۆتۆمبێلیشیان سووتێنران".
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، ئاماژەیشی دا، هەر کاتێک کەش و هەوا تێکبچێت، تیرۆریستان ئەو هەلە دەقۆزنەوە و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە هەم بە فێڵەکەیانی زانیوە و هەمیشەیش لە ئامادەباشیدا، بۆیەیشە هەر جارێک هێرش بێنن بە دۆڕاوی و سەرشۆڕی دەگەڕێنەوە.
رابین شێروانی




