لەبەرانبەر پێشوازیی لە نوێنەری ئافرەتان و شەڕڤانانی کۆبانی، بارزانی سوپاسی ئۆڵاندی کرد

فەرەنسا-KDP.info- دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزە پێشوازی لە (سەرۆک بارزانی) کرد، لە دیدارەکەدا (سەرۆک بارزانی) سوپاسی (ئۆڵاندی) کرد لە بەرانبەر ئەو پێشوازییەی کە لە نوێنەری ئافرەتان و شەڕڤانانی کۆبانی کردووە.
ڕۆژی سێشەممە 10ـی 2ـی 2015 (فڕانسوا ئۆڵاند) لە كۆشكی ئەلیزە لە شاری پاریس پێشوازی لە (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لە سەرەتای دانیشتنێكی گەرم و دۆستانەدا سەرۆكی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە كوردستان و هەروەها سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان لە كۆبانی و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی فەڕەنسا لە یارمەتیدانی سەربازی و پاڵپشتیی ئاسمانیی پێشمەرگە جەختی لەوە كردەوە كە فەڕەنسا لە بواری مرۆیی و سیاسی و سەربازیدا لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەروەها لە مەسەلەی یارمەتیدانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاییش لە هەماهەنگییدا دەبن. سەرۆك ئۆڵاند ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاییدا هەموو تواناكانیان دەخەنە گەڕ بۆ پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی و دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی فەڕەنسا جەختی لەو گرنگیی ئازادكردنی مووسڵ و نەهێشتنی تیرۆریستان لە شوێنەكانی دیكە كردەوە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەلی فەڕەنسا و سەرۆكی فەڕەنسای كرد بۆ پاڵپشتیكردنیان و هەروەها سەردانەكەی سەرۆكی فەڕەنسای بۆ هەولێر بەرز نرخاند كە لە كاتێكی زۆر قەیراناوی بوو و كوردستان كەوتبوو بەر هێرشی تیرۆریستان و ئەو سەردانە كاریگەرە خەڵكی كوردستانی دڵنیا كردەوە كە كوردستان دۆستی زۆر گەورەی هەیە. (سەرۆك بارزانی) سەرەخۆیشیشی لە سەرۆكی فەڕەنسا و كەسوكاری قوربانیانی هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆی كرد.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و بایەخی ئازادكردنی كۆبانێ و هەماهەنگیی نێوان هێزە كوردییەكان خرایە بەر باس و (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆكی فەڕەنسای كرد كە پێشوازی لە نوێنەری ئافرەتان و شەڕڤانانی كۆبانی كردووە و پێزانینی بۆ ئەم هەنگاوەی سەرۆك هۆڵاند هەبوو.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستەسەر ئامادەكارییەكانی سوپای عێراق و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش و كورتەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ خستەڕوو.
لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەرباس و گفتوگۆ و وێڕای ئاماژەدان بە دیداری سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێرا لە شاری میونیخ جەخت لە هەماهەنگی و هاوكاریی هەرێم و بەغدا كرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر قەیرانەكان و تیرۆریستان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكە و كێشە و دۆخی نێوخۆیی تیرۆریستانی داعش قسەی لەسەر كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوو.




