كورد بەو پڕۆژەیاسایە ڕازی نابێت هێزی میلیشیا بۆ ناوچە كوردستانییەكان دابمەزرێت

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "لە پڕۆژەیاسای پاسەوانی نیشتیمانیدا بە هیچ جۆرێك رێگە نادەین هێزی میلیشیا بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دابمەزرێت، چونكە پێشمەرگە ئەوان دەپارێزێت و پێویستی بە هیچ هێزێكی دیكە نییە".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەرەفات كەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پڕۆژەیاسای پاسەوانی نیشتیمانی گەییشتووەتە پەرلەمان و تاوەكو ئێستا خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆ نەكراوە، كە بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە هێز بۆ پارێزگاكان دادەمەزرێت، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین هیچ بڕگەیەكی تێدا بێت كە باس لەوە بكات هێز بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش دابممەزرێت، بە تایبەت لە كەركووك ورەتی دەكەینەوە".
(عەرەفات كەرەم) گوتیشی، "ئێمە پاسەوانی سنووریمان هەیە كە هێزی پێشمەرگەیە و ئەو ناوچانە دەپارێزێت و پێویست ناكات هیچ هێزێكی دیكەی بۆ دابمەزرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر ئەو بڕگەیەی تێدا زیاد بكرێت كە هێز بۆ ناوچەكوردستانییەكان دابمەزرێت، ئەوپڕۆژەیاسایە سەركەوتوو نابێت و تێناپەڕێت.
بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە ١٢٠هەزار چەكدار بۆ پارێزگاكانی سوننە و شیعە دادەمەزرێن بە جۆرێك ٧٠هەزار چەكدار بۆ شیعەكان و٥٠هەزاریش بۆ سوننەكان كە لە ژێر دەستەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا دەبێت، ئەمەیش بۆ پاراستنی پارێزگاكانە لە تیرۆر.
بڵند ئیبراهیم




