لە هێرشەكەی شەوی رابردووی شنگالدا 12 داعش كوژران و ژمارەیەكیش بریندار بوون

شنگال-KDP.info- لە هێرشەكەی شەوی رابردووی شنگال زەبرێكی كوشندە بەر تیرۆریستانی داعش كەوت و هێزەكانی پێشمەرگە لە هەموو لایەكەوە شنگالیان گوللەباران كرد، توانییشیان تیرۆریستان تێك بشكێنن و 12 داعش بكوژن و ژمارەیەكیشیان لێ بریندار بكەن.
فەرماندەیەی لیوای 8 لە شنگال (هاشم سیتەیی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش دەیانویست هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و هەندێكیان دەیانویست خۆیان لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا بتەقێننەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی هەموو ناوچە ستراتیژییەكانی شنگال بە دەست هێزەكانی پێشمەرگەوەیە، هەر هەنگاوێك بنێن دەیبینین، بۆیە هەر لەگەڵ جموجۆڵی داعش، هێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكەیان گوللەباران كرد و توانییان هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنن و زیانێكی زۆری گیانی و ماددی لە تیرۆریستان بدەن، كە بە پێی زانیارییەكان لەو هێرشەدا 12 داعش كوژراون و ژمارەیەكی دیكەیش بریندار بوون و دوو ئۆتۆمبێلی هەمەڕیش سووتێنراون.
( هاشم سیتەیی) گوتیشی، "بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودایە و پێشمەرگە ورەی بەرزە و هەر كاتێك فەرمانمان پێ بكەن، لە ماوەیەكی نزیكدا شنگال لە تیرۆریستان پاك دەكەینەوە".
رابین شیروانی




