هێشتا یەكلا نەبووەتەوە هیچ هێزێكی دیكە رەوانەی كۆبانی بكرێت

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، "لە ئێستادا دەست بە ئامادەكردنی هێزێكی دیكەی پێشمەرگە دەكرێت بۆ ئەوەی رەوانەی كۆبانی بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا یەكلا نەبووەتەوە كە هیچ هێزێكی دیكە رەوانە دەكرێت یاخود ئێمە دواین هێز دەبین، ئەمەیش (سەرۆك بارزانی) بڕیاری لەسەر دەدات".
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵیح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ئێستادا وەك ئامادەكاری دەست بە ناونووسینی هێزێكی دیكەی پێشمەرگە كراوە بۆ ئەوەی بێنە شوێنی ئێمە لە كۆبانی، بەڵام تاوەكو ئێستا بڕیار نەدراوە كە هەرێمی كوردستان هیچ هێزێكی دیكە رەوانە دەكات یاخود هێزەكەی ئێمە دوایین هێز دەبێت لە كۆبانی و دەگەڕێینەوە بۆ هەرێمی كوردستان".
عەمید (موسڵیح زێباری) گوتیشی، بڕیاری ناردنی هێز لە دەست (سەرۆك بارزانی)ـدایە و لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵاتە و هەر كاتێك گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بڕیاری خۆی دەدات كە هێز رەوانە بكرێت یاخود نا، چونكە ئەو فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
(زێباری) ڕوونیشی كردەوە، جارێ تەنیا ناوی پێشمەرگەكان نووسراوە كە ژمارەیان ١٥٠كەسە و تاوەكو ئێستایش فەرماندەكان دیاری نەكراون، چونكە یەكلا نەبووەتەوە رەوانە دەكرێن بۆ كۆبانی یاخود نا.
بڵند ئیبراهیم




