٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامى: ڕیشەکێشکردنى "داعش" لە نێو ستراتیژیەتى نێودەوڵەتی و ناوچەییدا بەدى ناکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (هێمن هەورامى) ڕایگەیاند، ئەو ستراتیژیەتە نێودەوڵەتى و ناوچەییەى لە ئارادایە، ستراتیژیەتى ڕیشەکێشکردنى "داعش" نییە، بەڵکو سنووردارکردنیەتى. سەبارەت بە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش باوەڕی وایە کە، رۆژهەڵاتى ناوەڕاستێکی نوێ لە رێگایە، لە نێویشیدا پێکهاتەیەکى نوێ دەبینرێت، ئەویش کوردە. جەختیش دەکاتەوە، کورد خوڵقێنەرى رادیکالیزمە لە ناوچەکەدا.

ئەم قسانەى (هێمن هەورامى) ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى "پ د ک"، لە میانەى چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانیدا بوو لەگەڵ رۆژنامەى "تورکیا گازێتێسى".
تورکیا گازێتێسى: دەمەوێت سەرەتا بە کۆبانی و کەرکووکەوە دەست پێ‌بکەم، کۆبانی لە ده‌ست (داعش) رزگارى بوو، بەڵام له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ داعش هێرشەکانى خۆی بۆ سەر کەرکووک چڕتر کردووەتەوە ؟
(هێمن هەورامى):  سەرکەوتنى کۆبانی بووە سەرەتایەک بۆ سەرکەوتن بەرەو ئازادى. ئەم سەرکەوتنە بووە جێگاى بایەخ و گڕوتینێکى بە هەموو ئەو هێز و لایەنانە بەخشى، کە لە ئەورۆدا دژى  تیرۆریستانى  "داعش"ـن. بۆیە لێرەوە جارێکى دیکە سوپاسى حکوومەتى تورکیا دەکەین، بۆ ئەو هەڵوێستەى کە نواندى بەرانبەر بە تێپەڕبوونى پێشمەرگە بە نێو تورکیادا بەرەو کۆبانی.
دەبینین "داعش" لە رووبەرووبوونەوەکانیدا لەگەڵ هێزى پێشمەرگە، بەردەوام لە شکستدایە و بەرەو لاوازى دەڕوات، هێرشەکانیشى بۆ سەر کەرکووک، ئاماژەیه‌ بۆ وەدەستهێنانى سەرکەوتنى رەمزى "سومبولى"ـە.  سەرەڕاى ئەو هەموو زەرەر و زیانەى بەر "داعش" کەوتووە لەلایەن پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانەوە، هێشتا تواناى هێرشکردنى ماوە.
تورکیا گازێتێسى: من وا تێگەیشتم، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئێوە دەتانەوێت ئه‌وه‌ بڵێن که‌ لەناوبردنى داعش کارێکى ئاسان نییە، بەڵام پێتان وایە کە دەتوانرێت سنوورێکیان بۆ دابنرێت و قەتیس بکرێن لەو ناوچانەى کە ئێستا داگیریان کردووە؟ ئایا بۆچوونەکەم هەڵەیە؟
(هەورامى):  ئەوەى کە ئێمە دەیبینین، لە ئاستى ناوچەیی و نیودەوڵەتیدا هیچ ستراتیژییەکى واقیعی بەدى ناکرێت بۆ ریشەکێشکردنى داعش. لە بەرانبەر ئەمەدا ستراتیژیەتى سنووردارکردنى "داعش" دەبینرێت لەو ناوچانەى کە لە ژێر چنگیەتى. لەناوبردنى "داعش" پێویستى بە وەها ستراتیژیەکى تایبەت هەیە، کە هەموو ئامرازەکانى ریشەکێشکردن "سەربازى – دارایى - ئابوورى - ئامرازە سیاسییەکان" وەگەڕ بخرێن و لە ماوەیەکى دیاریکراودا بخرێتە برواى جێبەجێکردن، لە میانەى ساڵێکدا وەها ستراتیژییەتێک بۆ پاکردنەوەى عێراق لە "داعش" وەگەڕ بخرێت و کار لە سەر پچڕاندنى پەیوەندییەکانى نێوان "داعش" لە سووریا و عێراق بکرێت، هەروەها گرووپێکى میانڕۆى سوننیی بەهێز دروست بکرێت و ڕێگرى لە هاتنى چەکدارە بیانییەکان بگیرێت. ئایا بۆچى وڵاتان لەلایەن خۆیانەوە رێگا لە هاتنى ئەو شەڕکەرە بیانیانە ناگیرێ؟ ئەمە ئاماژەیەکى ڕوونە بۆ بوونى ستراتیژیەتێکى فراوان لە ئێستادا. کۆکردنەوە و یەکگرتنەوەى "سوننەکان – مەسیحییەکان - ئێزدییەکان – پێشمەرگەکان" پێویستە ببێتە بەشێکى ئەو ستراتیژییەتە، لە ڕووبەرووبوونەوەکان دژ بە "داعش"، تا ئێستا (١٠١٠) پێشمەرگەمان شەهید بوون و نزیکەی ٥٠٠٠ پێشمه‌رگه‌ى بریندارمان هەیە‌.
بۆ لەناوبردنى داعش پێویستمان بە چەکى پیشکەوتوو هەیە، بەڵام تا ئێستا چەکى هاوشێوەى "داعش"ـمان بە دەست نەگەیشتووە. ڕاستە هێرشە ئاسمانییەکان گرینگ و پێویستن، "تانکى سەربازى - چەکى قورس و پێشکەوتوو" مه‌رجی سه‌رکه‌وتنن له‌م جه‌نگه‌دا. لە چه‌ند رۆژی ڕابردوودا لە گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە لەلایەن رۆژنامەنووسێکى چاونەترسی کەناڵى "کوردستان تی ڤى"ـیەوە لە مەخموور تۆمار کرابوو، ترسنۆکیى چەکدارانى "داعش" دەردەخات، کە چۆن لە کاتى هێرشەکانى پێشمەرگەدا سەنگەرەکانى خۆیان چۆڵ دەکەن و ڕادەکەن، کەواتە ئەو چەکدارانە پیاوى ئاسنین نین و تا له‌ناوبردنیان کارێکی مه‌حال بێت‌، ئەمە پێویستى بە هێزى زەوینییە و پێشمەرگەش تاکه‌ هێزى زەوینییە.
تورکیا گازێتێسى: لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ڕۆڵی کوردانی عێراق چۆن دەبێت؟
(هەورامى): رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە رێگادایە، پێکهاته‌یه‌کی نوێ لەم رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەدا بەدی دەکرێت، کە پێکهاته‌ی کوردە، کوردستانى عێراق ناوەندێکى چڕى ئەم پێکهاته‌ نوێیەیە، کوردستانى عێراق سەقامگیرى و هاوسەنگى بۆ ناوچەکە دەخوڵقێنێت و دەبێتە هۆى هاوسەنگکردنى رادیکالیزم لە ناوچەکەدا، ئاسایشى وزە دابین دەکات و پێشکەوتن لە ئابووریى ناوچەکەدا دێنێته‌ دی، له‌ رووبەڕووبوونەوەى توندوتیژى و تێرۆریزم و لەناوبردنیان رۆڵێکی گرینگ ده‌گێڕێت، به‌مه‌ش لە ئاسایشى هەرێمیدا هاوکار و کاریگەرە.
دەستەڵاتى سیاسى لە کوردستانى عێراقدا، لە هەوڵى دەوڵەمەندترکردنى بەها ریالیزمییەکانە و لە رۆژهەڵاتى ناوینى نوێدا کوردەکان رۆڵى گەمەکەر "ئەکتەرێک"ـى بونیاتنەرانە دێنه‌ هه‌ژمارکردن.
تورکیا گازێتێسى: ئایا راگەیاندنى کانتۆنی شنگال لەلایەن "پەکەک"ـەوە، گرژى و ئاڵۆزى لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و "پەکەکە"ـدا دروست کرد؟
(هەورامى): شنگال پارچەیەکه‌ له‌ کورستانى عێراق، ئێمە وەکو حکوومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتیى هەر هەنگاوێک دەکەین کە ببێتە هۆى هێنانەدى ئاشتەوایی بۆ کوردانى "سووریا و تورکیا و ئێران"، ئێمە هەوڵى ئەوە نادەین‌ سیستەمى بەرێوەبردنى هەرێمى کوردستان بەسەر پارچەکانى دیکەى کوردستاندا بسەپێنین، لە بەرانبەر ئەمەشدا رێگا بە کوردانى پارچەکانى دیکە نادەین سیستەمى بەرێوەبردنى خۆیان لە کوردستانى عێراقدا دابمەزرێنن، هەوڵى دامەزراندنى کانتۆنى شنگال، لە لایەن پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى وەزیران و گشت پارتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانەوە ناڕەزاییەکى گەورەى لێ کەوتەوە و پەسەند نەکرا، چونکە ئەم هەوڵە به‌ دەستتێوەردانێکى ناوخۆیی دێته‌ هه‌ژمار کردن. شنگال پارچەیەکى کوردستانى عێراقە و تا ئێستایش "شنگال" بە تەواوەتى لە چەکدارانى "داعش" پاک نەکراوەتەوە. لەلایەکى دیکەوە کوردانى ئێزدى و دانیشتوانى شنگالیش دژى ئەم هەوڵەى "پەکەکە"ـن و قبووڵى ناکەن، ٨٥%ـی خەڵکى شنگال لەگەڵ بە کانتۆنکردنى "شنگال"ـدا نین، دژى ئەم جۆرە هەوڵانەی "په‌که‌که"‌ دەوەستنەوە.

تورکیا گازێتێسى: ئەوەى دەبیسترێت،  کوردانى عێراق بەرانبەر هەڵوێستى تورکیا ناڕازین، بەگوێرەى پێویست پاڵپشتیى هەرێمى کوردستانى نەکردووە لە جەنگى دژ بە "داعش"،‌ بیروبۆچوونه‌کانی ئێوه‌‌ سه‌باره‌ت به‌م خاڵه چییه‌؟ لە ئێستادا پەیوەندى نێوان کوردانى عێراق و وڵاتى تورکیا لە چ ئاستێک دایە و چاوەڕوانییەکانى ئێوە بۆ داهاتوو چییە؟
(هەورامى): ڕەوشەکە لە گۆڕانێکى خێرادایە، داینامیکییە و هێشتایش شڵۆقه‌ و شێوەى کۆتاییی خۆی نەگرتووە، چاوەڕوانییەکانى ئێمە لە تورکیا لەوە زیاتر بوو، بەڵام ئێمە ڕەچاوى بارودۆخی ناوخۆیی تورکیامان کرد، چونکه‌ کاتێک مووسڵ لەلایەن "داعش"ـەوە داگیر کرا، تورکیا خەریکى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى بوو. لەلایەکى دیکەوە ئەندامانى کۆنسووڵخانەى تورکیا لە مووسڵ وەکو بارمەتە لە دەست چەکدارانى "داعش"ـدا بوون، بەگوێرەى پەیوەندیی پتەوى نێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى تورکیا و ئەو رۆڵى بەرچاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەرەوپێشبردنى هەنگاوەکانى پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا، ئێمە چاوەڕێى ئەوەمان دەکرد، تورکیا زیاتر پاڵپشتیى ئێمە بکات و ئێمه‌ وەکو دۆستێکى نزیک دەڕوانینە تورکیا، لەگەل ئەوەشدا بڕیارى حکوومەتى تورکیا لە هەمبەر تێپەڕبوونى پێشمەرگە بەناو خاکى تورکیادا بۆ کۆبانی، لەلایەن حکوومەتى هەرێمەوە به‌ هه‌نگاوێکی گرینگ و بەرز نرخێندرا.

تورکیا گازێتێسى: چاوەڕوانییەکانى ئێوە لە تورکیا چییە بۆ داهاتوو؟
(هەورامى): هاوکاریى سەربازیى زیاتر، بەشداریکردنى تورکیا لە هاوپەیمانەتیى دژ بە "داعش"، هەروەها دابینکردنى چەکى پێشکەوتوو بۆ پێشمەرگە، ئێمە لە هیچ وڵاتێک داواى سەرباز ناکەین و لەم بارەوە هیچ کەموکورتییەکمان نییە، بەڵام تاکە کەموکورتى لەم شەڕەدا کەمیى چەکى قورسە.

هەواڵی پەیوەندیدار