جەعفەر ئێمینکی، داوای لێبوردن لە هەڵەبجەییەکان دەکات.. لێدوانەکە بە هەڵە لێکدراوەتەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بە داخەوە کە لێدوانێکی بە هەڵە لێکدراوەتەوە و خەریکە لە کڕۆکی بابەتەکە و بایەخی لێکۆڵینەوەی زانستیانەی ئەو پرسە کەم بکرێتەوە. (د. جەعفەر ئێمینکی) هاوکات داوای لێبوردن لە یەک بەیەکی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات، ئەگەر بە هەڵە لە وەڵامی پرسیارەکە گەیشتبن یاخوود دەستەواژەکە بە شێوەیەک نووسرابێ کە هەڵەبجەییەکان پێی نیگەرانن بووبن.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاو کراوەتەوە:
"بەداخەوە ئەو لێدوانەی لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەی رووداودا بە ناوی ئێمەوە بڵاو کرایەوە، لەلایەن هەندێ بەڕێزەوە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە و خەریکە لە کڕۆکی بابەتەکە و بایەخی لێکۆڵینەوەی زانستیانەی ئەو پرسە کەم بکرێتەوە.
بۆئەوەی ئەو بابەتە بە لاڕێدا نەبرێت و هیچ کەس لێکدانەوەی وای بۆ نەکا کە خەڵکی شەهیدپەروەری هەڵەبجە نیگەران بن،
من لێرەوە داوای لێبوردن لە یەک بەیەکی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەم، ئەگەر بە هەڵە لە وەڵامی پرسیارەکە گەیشتبن یاخوود دەستەواژەکە بە شێوەیەک نووسرابێ کە دڵی هاووڵاتیانی ئەو شارە خۆڕاگرە سەخڵەت بووبێ؛
چونکە قەبارەی ئەو گەنجانەی لە هەرێمی کوردستان تەفرە دراون و چوونەتە نێو ریزەکانی تیرۆریستانی داعشەوە کە نزیکەی ٥٠٠ کەسێک دەبن و هەندێکیان بە شانازییەوە خۆیان لە مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەخەن، ئەوە کارێکی ترسناکە و لەسەر هەموومان پێویستە بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی بوەستینەوە و، رێگە نەدەین گەنج و لاوەکانمان بەو شێوەیە هەڵبخەڵتێنرێن.
هاوکات ناوی ناوچەی هەڵەبجەمان لەتەک ناوی ناوچەکانی تر هێناوە بەو مانایەی لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستانیش بە ژمارەی جیاواز گەنجان روویان لەو رێکخراوە تیرۆریستییە کردووە، نەک بۆ هیچ مەبەستێکی تر؛
پێمان وایە و دەبێ پەرلەمان و تەواوی دامودەزگاکانی حکوومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتیان و خێزانە بەرێزەکانیش، هەرکەسە و بەپێی ئەرک و بەرپرسیارێتی و هەر ناوچە و بەپێی قەبارەی خۆی رووبەڕووی ئەو دیاردە ترسناکە ببێتەوە.
منیش وەک خۆم هەمیشە سەری رێز و نەوازش لەبەردەم گەورەیی و قوربانیدانی شاری هەڵەبجەی شەهید و تەواوی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دادەنەوێنم و، دووپاتی دەکەمەوە خەبات و قوربانیدانی شاری هەڵەبجەی شەهید کە سیمبولی قوربانیدان و خۆڕاگری و شاری شەهیدان و پایتەختی ئاشتیی کوردستانە و مێژووی ئەو شارە سەلماندوویەتی کە بەسەر هەموو ناخۆشییەکان و گرفتەکاندا زاڵ دەبێ، زۆر لەوە گەورەترە کە بۆچوونی زانستیانە بە لاڕێدا ببرێت،
چونکە هەڵەبجە شارێکە قوربانیی زۆری داوە و هەموو کوردێک لە سەرانسەری جیهان شانازی بە خەڵکی سەربڵندی ئەو شارەوە دەکات و، ئێستایش لە هەموو ئاستە بەرزەکان هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو شارە لە هەموو رووێکی ژیاری و خزمەتگوزارییەوە بایەخی شایستەی خۆی پێ بدرێت. سازکردنی دانیشتنە مێژووییەکەی پەرلەمانیش لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە بۆ سەلماندنی ئەو راستیانە بووە،
بۆیە داوای لێبوردن لە خەڵکی قارەمان و خۆراگری شاری هەڵەبجە دەکەم و، هیوادارم کەس بە هەڵە ئەم بۆچوونە شیی نەکاتەوە و دەبێت بوێرانە پەنجە لەسەر ئازارەکانمان دانێین و سارێژی بکەین."
دڵسۆزتان
دکتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینکی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٠/٢/٢٠١٥




