به‌شداریى سه‌رۆكى هه‌رێم له کۆنگرەی ئاسایشی جیهانی، متمانه‌ى زیاتر ده‌داته خه‌ڵكى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه

هەولێر-KDP.info- هاوسه‌رۆكى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، باس له سه‌ردانى شاندى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات بۆ كۆنگره‌ى میونشن و، دەڵێت: "چوونى ئه‌و شانده جگه له‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتى گرینگه بۆ كوردستان، له هه‌مان كاتدا متمانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ پێشمه‌رگه و خه‌ڵكى كوردستان".
(به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا) هاوسه‌رۆكى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى راگه‌یاند، سه‌ردانى شاندى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ میونشن زۆر گرینگ بوو، به‌تایبه‌تى لایه‌نى دیپلۆماسى؛ چونكه چۆنیه‌تیى پێشوازیكردنى شانده‌كه و شێوه‌ى به‌ستنى میتینگى كۆبوونه‌وه‌كان هیچ كه‌متر نه‌بوو له وڵاتێك له ئاستى جیهان."
(به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا) گوتیشى: "ئه‌وه‌ى پێویست بوو بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌و سه‌ردانه‌دا گوتراوه، له‌كاتێكدا هیچ شتێك ناگاته ئه‌وه‌ى كه له نزیكه‌وه شاندى كوردستان داواكانى خۆیان بگه‌یه‌ننه جیهانى ده‌ره‌وه، چونكه ئه‌وه‌ى تێبینیمان كردووه، شانده‌كه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیى وڵاتانى ئه‌ورووپا و سیناتۆره ئه‌مه‌ریكاییه‌كاندا كۆ بوونه‌ته‌وه و دانیشتینیان كردووه، ئه‌مه زۆر گرینگه له واقیعى ئێستاى كوردستان له به‌ره‌كانى جه‌نگه‌وه وه‌ك واقیعێك بۆ وڵاتانى جیهان باس بكرێت؛ بۆیه دڵنیاین سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكى خستووەته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى وێنه‌ى راسته‌قینه‌ى كوردستان بگه‌یه‌ننه هاوپه‌یمانان و دونیا و ئه‌وانیش دۆخى كوردستان له‌به‌ر چاو ده‌گرن، چونكه تیرۆر بووەته مه‌ترسى بۆ سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كه".
هاوسه‌رۆكى حزبى زه‌حمه‌تكێشان ده‌شڵێت، "چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌رئه‌نجامى هه‌بێت و ئاماده‌یى زیاتر هه‌یه بۆ هه‌رێمى كوردستان و، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و هه‌وڵه دیپلۆماسى و سه‌ركه‌وتووانەیەى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و سیاسه‌تى حه‌كیمانه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه".
(به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا) ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "راستییه له ئێستادا هاوپه‌یمانان چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان داوه‌ته هه‌رێمى كوردستان بۆ بەرە‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، به‌ڵام هێشتا هه‌رێمى كوردستان پێویستى به هاوكاریى زیاتر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى به ته‌واوه‌تى رووبه‌ڕووى تیرۆر ببێته‌وه، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین كه وڵاتانى جیهان هاوكارییه‌كانیان بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان فراوانتر بكه‌ن و به‌ده‌م داواكاریى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بێن"، گوتیشى: "هه‌موومان چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین ئه‌و داواكارییه‌ى گه‌لى كوردستان هه‌یه‌تى و (بارزانى) وه‌ك گه‌یه‌نه‌رى په‌یامه‌كه‌یه ده‌رئه‌نجامى هه‌بێت، چونكه به‌شداریى سه‌رۆكى هه‌رێم و شاندى كوردى له‌و كۆنگره‌یەدا، متمانه‌ى زیاتر ده‌داته خه‌ڵكى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ش".




