هه‌ژده رێكخراو و لایه‌ن داوای به پارێزگاكردنی گه‌رمیان ده‌كه‌ن

گه‌رمیان -KDP.info-هه‌ژده رێكخراو و لایه‌ن داوای به پارێزگاكردنی گه‌رمیان له په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ده‌كه‌ن؛ هاوكات چه‌ندین پاڵپشت بۆ داواكه‌یان ده‌خه‌نه ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نن: "گه‌رمیان شایه‌نی به پارێزگاكردنه، به تایبه‌ت له دواى ئه‌وه‌ى له ساڵى 1992ـەوە ئیداره‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆیه".
له یادداشتێکدا كه كۆپییه‌كى بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستان نێردراوه، هاتووه: "جارێكی تر ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌وڵه مه‌ده‌نییه‌كانی ئێمه بۆ به‌پارێزگاكردنی گه‌رمیان به‌رده‌وامه و هاوكات به جیددی داوا له په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین، پشتیوانی له‌م هه‌وڵانه‌ی ئێمه بكه‌ن له پێناوی زیادكردنی پارێزگایه‌كی تردا بۆ هه‌رێم؛ به هه‌موو پێوه‌ره‌كانیش هیچ ناوچه‌یه‌ك له كوردستاندا ئه‌وه‌نده‌ی گه‌رمیان شایانی به‌پارێزگاكردن نییه، هه‌ر له ڕووی ڕووبه‌ر و ژماره‌ی دانیشتوان و هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیی زۆر هه‌ستیار و گرینگی ستراتیژی و بوونی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ریایه‌ك له نه‌وت له‌ژێر خاكه‌كه‌یدا، له ئه‌مانه هه‌مووی گرینگتریش بوونی ئیداره‌یه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رە كه له ساڵی1992ـه‌وه هه‌یه و له‌وكاته‌وه گه‌رمیان سه‌ر به هیچ پارێزگایه‌كی هه‌رێم نییه."
یادداشتەکە هاوکات دەڵێ: "ناوه‌ندی كاری هاوبه‌شی ڕێكخراوه‌كانی گه‌رمیان له ئێستا به دواوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له هه‌موو ده‌رگایه‌ك ده‌دات و هه‌موو ڕێگایه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر و جۆری مامەڵەیشی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و مامه‌ڵه‌یه ده‌بێـت كه ئه‌و لایه‌نانه له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی به‌پارێزگاكردنی گه‌رمیاندا ده‌یكه‌ن؛ هه‌روه‌ك ده‌بێ هێزه سیاسییه‌كان و ئیدارەکانی گه‌رمیان و نوێنه‌رانی گه‌رمیان له دامه‌زراوه جیاجیاكانی هه‌رێمدا و ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی گه‌رمیانیش له‌مه‌ولا ئه‌م كه‌یسه به ئاشكرا ته‌به‌نی بكه‌ن و داكۆكی سه‌رسه‌ختانه‌ی لێ بكه‌ن".
كاروان جاف




