تیرۆریستان له دەڤەری كۆبانێ، بڕستیان لێ بڕاوە.. ١٦٠ گوند ئازاد کراون

کۆبانێ -KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ دەڵێت، ھێزە کوردەکان لە کۆبانێ هەر خەریکی پێشڕەوینە و، تاوەکو ئێستایش ١٦٠ گوندیان ئازاد کردووەتەوە؛ تیرۆریستانی داعشیش بەبێ بەرگریکردن گوندەکان چۆڵ دەکەن، فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگە دەیشڵێت، تا حەفتەیەکی دیکە تەواوی گوندەکان ئازاد دەکەین.
ڕائید (سلێمان باڵەک) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژھەڵاتی کۆبانێ، بە شەو و ڕۆژێک ١٥ گوندمان ئازاد کردووەتەوە و، ئێستا وا گەیشتووینەتە گوندی باغبەتان و ئاشمە و قلحەیات و کەرکێ، کە دوایین سنووری عەرەبە لەو ناوچەیه و، لە باشووری کۆبانێیشەوە ٤ کیلۆمەتر ماوە بگەینە پردی قەرەقوزان."
رائید(سلێمان باڵەک)گوتیشی: "لە رۆژئاوای کۆبانێیشەوە ٧ کیلۆمەترمان ماوە بگەینە پردی جەرابلس لەسەر ڕووباری فرات؛ تاوەکو ئێستاش ١٦٠ گوند ئازاد کراونەتەوە و، تیرۆرستانی داعش بەبێ شەڕ و بەرگری زۆرینەی گوندەکان چۆڵ دەکەن و، دەرەقەتی ھێزە کوردەکان نایەن."
عەمید (موسلیح زێباری) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرجارێک کە ھێرش دەکەین، فڕۆکە جەنگیەکان و ھێزی پێشمەرگە پێکەوە پێنج تا ١٠ گوند چڕوپڕ بۆردوومان و تۆپباران دەکەن و، ئینجا شەڕڤانان دەچن ئازادی دەکەن؛ چاوەڕوان دەکرێت تا حەفتەی دابێتەوە هەرهەموو گوندەکانی کۆبانێیش ئازاد بکەینەوە."
بڵند ئیبراھیم




