٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان موفتی: زۆر گرینگە ھەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە کۆنفرانسی جیهانیی ئاسایشدا بەشدارە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی جیهانیی ئاسایشدا بە گرینگ دەزانێت و، دەڵێت، ئەمە وا دەکات ئەو ھاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی بۆ لەناوبردنی تیرۆر پێک ھێندراوە فراوانتر بکرێت و، بۆ پاشەڕۆژی کوردیش گرنگییەکی زۆری دەبێت.

(عەدنان موفتی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی جیهانیی ئاسایش لە دوو ڕووە زۆر گرینگە، ئەواش یەکەم جارە ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسێکی لەو جۆرەدا بکات بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا، کە ئەمە بایەخی خۆی ھەیە، دووەمینیش ئێمە لە ھەموو سنوورەکانمان لە شەڕی تیرۆرداین و، ئەو کۆنفرانسەیش بۆ لەناوبردنی تیرۆرە، کە ئەمەیش دەبێتە ھەنگاویک بۆ ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو تیرۆرستانەدا."

(موفتی) گوتیشی: "بەپێی بەدواداچوونی من گرینگی بە بابەتی ناردنی چەک بۆ ھەرێمی کوردستان دراوە و، ئەو لایەنانەی ھاوکارییان کردووە لە ڕووی وەشاندنی گورزی ئاسمانی و، ناردنی چەک و تەقەمەنی، چاوەڕوان دەکرێت لەژێر ڕۆشناییی بڕیارەکانی ئەو کۆنفرانسە ئەو ھاوپەیمانیەی ھەیە زیاتر و فراوانتر بکرێت".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو کە، ئەوان بە شێوەیەکی تایبەت تەماشای ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش بۆ خەبات و شۆڕشی گەلەکەمان دەگەڕێتەوە، چونکە ھەموو لایەک دەزانن ئەم گەلە لە ھەموو مافی خۆی بێبەش کراوە و، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە زوڵمی زۆری لێ کراوە، ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوە ھاتوو و پێویستە ئەو گەلە وەکو ھەموو گەلەکانی دیکە بگاتە ئاواتەکانی خۆی و، پشتگری لە مافی ڕەوای گەلی ئێمە بکەن.

(عەدنان موفتی) ڕایشیگەیاند، ئەمە ھەنگاوێکی گرینگە، ئەگەر لەمەولا پشتگیری لەو خەباتەی گەلەکەمان بکەن و، ھەرێم بچێتە قۆناغێکی دیکەوە، ئەو جۆرە کۆنفرانس و پەیوەندیانە گرینگیی خۆی دەبێت.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار