دوو سیناتۆری دیکە، داوای پڕچەککردنی پێشمەرگە دەکەن.. وەک بەشێک لە سوپای خۆیان ناوی دەبەن

ئەمەریکا-KDP.info- هەردوو سیناتۆری ئەمەریکایی (تید کرۆز) و (تیم کاین)، داوایان لە وڵاتەکەیانە راستەوخۆ هێزی پێشمەرگە پڕچەک بکرێت؛ هەروا لەگەڵ ئەوەدا نین ئەمەریکا هێزی سەرزەوینی دژ بە تیرۆریستانی داعش بجووڵێنێت، چونکە وەک ئەوان دەڵێن، هێزی پێشمەرگە لەوێ وەک هێزی ئەمەریکا وایە.
پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە لەنێو سیناتۆرەکانی ئەمەریکادا تا دێ پاڵپشتیی زیاتری دەبێ؛ دوای ئەوەی گەورەسیناتۆری ئەمەریکایی (جۆن مەککەین) دووپاتی کردەوە کە پێویستە لەلایەن ئیدارەی (ئۆباما) و وڵاتەکەیان هێزی پێشمەرگە پڕچەک بکرێت؛ لە ئێستایشدا هەردوو سیناتۆری دیکەی ئەمەریکایی (تید کرۆز) و (تیم کاین)، داوا دەکەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا راستەوخۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان پڕچەک بکەن.
ئەو دوو سیناتۆرەکە لە میانەی بەشدارییان لە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکاییدا، بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە ئەمەریکا هێز لە دژی تیرۆریستانی داعش لەسەر زەوی بجووڵێنێت، چونکە وەک باسیان کرد پێشمەرگە لەوێ وەک هێزی ئەمەریکایی وایە لە ناوچەکەدا؛ بەڵام بە پێویستی دەبینن ئەمەریکا راستەوخۆ پێشمەرگە پڕچەک بکات.
شاو کوردی




