نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان روونکردنەوەیەکی راگەیاند

هەولێر-KDP.info-نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (جەعفەر ئیمێنکی) سەبارەت بە وەڵامێکی لە ژمارە ٣٤٦ی رۆژنامەی رووداودا روونکردنەوەیەکی راگەیاند.
دەقی رونکردنەوەی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
لەمیانی وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەی رووداودا لەبارەی ژمارە و قەبارەی ئەو گەنجانەی لەهەرێمی کوردستان تەفرە دراون و چونەتە نێو ریزەکانی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش؛ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نوێترین بەدواداچون و زانیاری لەو بارەوە خستە ڕوو کە نزیکەی ٥٠٠ کەسێک دەبن؛ هەندێکیان بەشانازیەوە خۆیان لەمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەخەن کە بە بۆچوونی جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئەوە کارێکی ترسناکە.
لەبارەی وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا راستە زۆرترینیان خەڵکی هەڵەبجەن وەک چۆن پێشتر لەهەندێ راگەیاندندا بڵاوکراوەتەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ناوی ناوچەی هەڵەبجەی لەتەک ناوی ناوچەکانی دیکە هێناوە، واتە لەناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بە ژمارەی جیاواز روویان لەو رێکخراوە تیرۆریستییە کردوە.
هەر لەپەرۆشی بەرێزیان بۆ خەبات و قوربانیدانی شاری هەڵەبجەی شەهید کە سیمبولی قوربانیدان و خۆراگری و شاری شەهیدان و پایتەختی ئاشتی کوردستانە و؛ مێژووی ئەو شارە سەلماندویەتی کە بەسەر هەموو ناخۆشیەکان و گرفتەکان زاڵ دەبێ؛ چونکە وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان دووپاتی کردۆتەوە هەڵەبجە شارێکە قوربانی زۆری داوەو هەموو کوردێک لەسەرانسەری جیهان شانازی بە خەڵکی سەربڵندی ئەو شارە دەکات و هەموو هەوڵێک لەئارادا دەبێت بۆ ئەوەی ئەو شارە لەهەموو رووێکی ژیاری و خزمەتگوزاری بایەخی شایستەی خۆی پێ بدرێت و هەر لەم سۆنگەیەوەش دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی ئەو شارە قارەمانە سازکرا.
ئەوە دووپات دەکەینەوە تاوەکو هیچ کەس و لایەنێک لێکدانەوەی جیاواز و دوور لەراستی و بابەتەکە نەکات بە پێویستمان زانی ئەو روونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە.




