ئاستی بەرھەمهێنانی نەوتی ھەرێم گەیشتووەتە ٤٠٠ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئاستی بەرھەمهێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠٠ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کە٢٥٠ھەزار بۆ ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدایە و١٥٠ھەزاریش بۆ پێداویستیی ناوخۆیی بەکار دەھێندرێت، جەختیشی کردەوە کە ھەرێم و بەغدا سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان.
(شێرکۆ جەودەت) سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بە پێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە دەست ئێمە گەیشتووە ڕۆژانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی٤٠٠ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت کە٢٥٠ھەزار بەرمیل بۆ ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدایە و نزیکەی ١٥٠ھەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستی ناوخۆی بەکار دەھێندرێت.
(شێرکۆ جەودەت) گوتیشی: "ئەگەر ڕێژەکە زیاد بکات بۆ قەربووو و قەرزی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت بەکار دەھێندرێت."
سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ھەرێم و بەغدا سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان و، هیچ کامێکیان پەشیمان نەبوونەتەوە و، بگرە بە پەلەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




