٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

150هەزار دینارەکەی سەرمووچەی شەهیدان نافەوتێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان ڕایگەیاند ئومێد هەیە بەم نزیكانە مووچەی مانگی 12ـی كەسوكاری شەهیدان دابەش بكرێت.

(مەحموودی حاجی‌ساڵح) وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر قەیرانی دارایی 150هەزار دینار سەرمووچە و، 50هەزار دیناری شەهیدانەی ئەنفالكراوان و، هاوڵاتیان وەستاوە، مانگانە نووسراومان بۆ وەزارەتی دارایی كردووە كە بیدەن؛ دەبێت ئەوان ڕێكی بخەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێیان دەدرێت و نافەوتێ."
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان ئەوەی خستە ڕوو كێشە لە كات و شێوەی دابەشكردنی مووچەی كەسوكاریی شەهیداندا هەیە و، لە هەوڵدانە چارەی بکەن، گوتیشی: "كێشەكە لە بانكەكاندایە، لە هەندێك شوێن مووچەی كەسوكاری شەهیدان دەدرێت و، لە هەندێك شوێنی تریش نادرێت و، دوا دەكەوێت، هەوڵی زۆرمان داوە ئەو كێشەیە چارە بكەین، بەڵام قەیرانی دارایی نەیهێشتووە."
(مەحموودی حاجی‌ساڵح) گوتیشی: "داوامان لە وەزارەتی دارایی كردووە لە دوای پێشمەرگە مووچەی كەسوكاری شەهیدان دابەش بكرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و كارمەندانی وەزارەتەكەمان نزیكەی 40ملیار دینارە و، گەلێک زۆرە، بۆیە دوا دەكەوێت."
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان سەبارەت بە كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ـی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی ئاشكرای كرد: "بە پێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی دایناوە بەم نزیكانە مووچەی مانگی 12ـی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەدرێت، ئومێد دەكەین ئەم حەفتەیە بدرێت."
یەحیا سابیر
 

هەواڵی پەیوەندیدار