وڵاتانی جیهان ستاییشی رۆڵی سەرۆک بارزانی دەکەن..دیدارەکانی سەرۆک لە میونشن

میونشن-KDP.info- ڕۆژی هەینی (سەرۆک بارزانی) کە بە بانگهێشتی فەرمیی وڵاتانی جیهان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا کرد؛ (سەرۆک) لە چەندین دیداری گرینگ و چارەنووسساز لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان و بەرپرسە باڵاکانی جیهاندا پێوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق و جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و ڕەوشی ناوچەکە بە گشتیی زانیاری یەکجار گرینگی ڕاگەیاند..وڵاتانی جیهان لەو کۆنفڕانسەدا ستاییشی رۆڵی (سەرۆک بارزانی)ـیان کرد.
ڕۆژی هەینی 6/2/2015 و لە یەكەمین ڕۆژی کۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخی ئەڵمانیا سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و شاندی یاوەری كە پێكهاتبوون لە وەزیری پێشمەرگە (مستەفای سەید قادر) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم (د. فواد حوسێن) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم (فەلاح مستەفا) و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا (دڵشاد بارزانی)، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی كردنەوە و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەكە كرد.
لە یەكەمین ڕۆژی دەستپێكردنی چالاكییەكانی کۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی میونیخ و لە میانی کۆنفرانسەكە (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری لەگەڵ خاتوو (مادڵین ئۆڵبڕایت) وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
هەروەها لە پەراوێزی یەكەمین ڕۆژی کۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ سێباستیان كورز وەزیری دەرەوەی نەمسا و ڤێزنا پۆسیچ وەزیری دەرەوەی كرواتیا كۆبوونەوە و لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان و هەروەها پەیوەندیی دوو قوڵی نێوان هەرێمی كوردستان و نەمسا و كرواتیا تاوتوێ كرا.
لە بەشێكی دیكەی چالاكییەكانی یەكەم ڕۆژی کۆنفرانسی میونیخ و لە پەراوێزی کۆنفرانسەكەدا (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بە ئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پارلەمان و كەسایەتیی سیاسی و ئەمنیی ئەوروپا و ئەمەریكا بەشداری مێزگردێكی تایبەت بوون و تێیدا بارودۆخی مەیدانی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
ڕۆژی شەممە 7/2/2015 و لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەكەدا (سەرۆك بارزانی) و یاوەرەکانی لەگەڵ (حەیدر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراقدا كۆبوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا بە وردی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا دووپات كردەوە و بڕیاریش درا كە پەیوەندی و یەكتربین و هەماهەنگیی هەردوو لا بەردەوام بێت. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و ڕەوتی ئازادكردنی مووسڵ و شوێنەكانی دیكە لە دەست تیرۆریستانی داعش قسەی لەبارەوە كرا.
هەر لە هەمان ڕۆژ (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری لەگەڵ خاتوو (ئەنگێلا مێركل) سەرشالیاری ئەڵمانیادا كۆ بوونەوە. لەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ئەڵمانیای كرد كە پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان بووە و هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیایشی بە كاریگەر وەسف كرد. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) باسی لە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و ئەورووپا و جیهان كرد. هەر لەو دیدارەدا ڕاوێژكاری ئەڵمانیا سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد و، قەدری ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستان گرت و، جەختیشی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە. پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و پێویستیی بەردەوامی هەماهەنگی و دیالۆگی نیوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوون.
هەروەها ڕۆژی شەممە 7/2/2015 لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ خاتوو (فێدریكا مۆگێرینی) بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا و بورگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و تەمام سەلام سەرۆكوەزیرانی لوبنان و خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەی (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لە لایەن ئەڵمانیا و بەردەوامیی پێدانی چەك لە لایەن وڵاتی ئەڵمانیا تاوتوێ كرا.
ڕۆژی یەكشەممە 8/2/2015 لە شاری میونیخ و لە ڕۆژی سێیەمی کۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ سێناتۆر (جۆن مەكکەین) و دوانزدە سێناتۆری دیكەی ئەمەریكایی لە هەردوو پارتی دیموكرات و كۆماریخواز كۆبوونەوە. لەم دیدارانەدا تێكڕای سێناتۆرەكانی ئەمەریكایی پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ كوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە و باسیان لەوە كرد كە پێویستە هاوكاریی سەربازیی زیاتر پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێت.
هەر ئەو ڕۆژە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و شاندی یاوەری لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (جۆ بایدن) كۆ بوونەوە. لەم دیدارەدا كە لە كەشێكی گەرم و دۆستانە کرا، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لە دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەلی ئەمەریكا و سەرۆك و جێگری سەرۆك و كۆنگریس و دامەزراوەكانی ئەمەریكای كرد كە لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان هەڵوێستێكی زۆر باشیان هەبووە و سوپاسی سوپای ئەمەریكایشی كرد كە لەڕێی وەشاندنی گورزی ئاسمانی بۆ سەر تیرۆریستان یارمەتیی هێزی پێشمەرگەیان داوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەر باس و، جەخت لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و پابەندبوون بەم ڕێككەوتنە كرایەوە و بەرەوپێشچوون و هاوهەنگاویی هەولێر و بەغدا بە بابەتێكی كاریگەر لە قەڵەم درا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ئازادكردنی هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ماون.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و (سەرۆك بارزانی)ـیش باسی لە كۆمەڵێك پێداویستی و داواكاریی كرد كە پەیوەست بوون بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.




