دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کۆمەکی جۆراوجۆری بەسەر 1950 خێزانی پەناخوازدا دابەش كرد
هەولێر-KDP.info-دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لەسەر دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و، پێداویستی ڕۆژانە و زستانە بەسەر پەناخوازانی نێو كەمپەكاندا، لەو میانەشدا لە كەمپی عەربەت و باسرمە و قوشتەپەیشدا هاوكاریی بەسەر زیاتر لە 1950 خێزانی پەناخواز دابەش كرا.
ڕۆژی 9/2/2015 لە درێژەی كاروچالاكیی بەردەوامی ئۆفیسەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرجەم كەمپی پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستیی زستانە و جلوبەرگ و، دەیان جۆری دیكەی پێداویستییان بەسەردا دابەش دەكات، لەو میانەشدا لە كەمپی عەربەت لە شاری سلێمانی بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوی ئیسلامیی بەریتانیانیی 'عەون' و، ڕێكخراوەكانی 'گڵۆباڵمیدیك' و 'ومكۆر'دا دەیان جۆر پێداویستییان بەسەر 600 خێزانی پەناخوازدا دابەش کرد؛ پێداویستیەكانیش بۆ هەر خێزانێك بریتی بوو لە: 3 بەتانی، 3 دۆشەك، 1 سۆپا، 3 قاڵب سابوون، پەڕۆک (دایبی) و پێداویستیی ئافرەتان و پاككەرەوە.
لە كەمپی باسرمەیشدا، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جلوبەرگ و ئاوی خواردنەوە و 'تەڕەدەسەسڕ'یان بەسەر (750) خێزانی پەناخوازدا دابەش کرد.
لە كەمپەکەی قوشتەپەیشدا، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ڕێكخراوی سوورەمانگی توركیادا پێکەوە دۆشەك و جلوبەرگیان بەسەر (600) خێزانی پەناخوازدا دابەش کرد.




