هەر خێزانێكی ئاوارە مانگانە 400 هەزار دینار وەردەگرێت

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال رایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەو ناوچانەی ئازاد كراون بەردەوامە، بەڵام ئەوەی بووەتە كێشە ئەوەیە كە حكوومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیە كە یەك ملیۆن دینارە و دەیداتە ئاوارەكان، ڕێژەیەكی زۆریان تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەیان وەرنەگرتووە، ئەگەرنا دوای ئەو بڕە پارەیەیش مووچەیەكی مانگانە بە بڕی 400 هەزار دینار بۆ خێزانە ئاوارەبووەكان دەبڕدرێتەوە.
قایمقامی شارۆچكەی شنگال (مەیسەر حەجی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، گەڕانەوەی خەڵكی ناوچە ئازادكراوەكان بەردەوامە، تا ئێستا لە سنووری شارەدێی زوممار زیاتر لە 75%-ی خەڵك گەڕاونەتەوە، لە سنوونێیش زیاتر لە 45 هەزار هاووڵاتی گەڕاونەتەوە، ڕۆژانەیش گەرانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە.
(مەیسەر) گوتیشی، "پاش ئەوەی هەموو خێزانە ئاوارەبووەكان بڕی یەك ملیۆن دینار وەردەگرن، كە تا ئێستا هەندێك لە خێزانە ئاوارەبووەكان ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە، هەر سەرۆك خێزانێكی ئاوارەی دەڤەری شنگال مووچەیەكی مانگانەی بە بڕی 400 هەزار دینار بۆ دەبڕدرێتەوە، ئەوەیش هاوكار دەبێت بۆ ئەو خێزانانەی كەمدەرامەتن بۆ ئەوەی پێی بژین تا ناوچەكانیان ئازاد دەكرێت و دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە كارەكانیان دەكەنەوە.
رابین شێروانی




