حەمەتۆفیق ڕەحیم، باس لە بایەخی بەشداریی بارزانی لە كۆنگرەی میونشن دەکات

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان باس لە گرینگیی بەشداریكردنی كورد لە كۆنگرەی میونشن دەكات و دەڵێت، وڵاتان باش لەوە گەییشتوون دەبێت چەك بدرێتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لەبارەی بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی میۆنیخدا، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان (حەمەتۆفیق رەحیم)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "زۆربەی ئەو وڵاتانەی كاریگەرییان لەسەر گۆڕانكارییەكانی جیهان هەیە، لە كۆنگرەی میونشندا بەشدار بوون، بۆیە بوونی شاندی كورد لەناو كۆنگرەی وڵاتاندا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە زۆر گرینگە، جیا لە بەشداریكردن، ڕەهەندی دیكەیشی هەیە وەك لایەنی سیاسی و بەهێزكردنی پێگەی كورد لە جیهانی دەرەوەدا".
(حەمەتۆفیق رەحیم) گوتیشی، "جگە لەوەی كۆنگرەی میونشن گرینگ بوو، لە هەمان كاتدا پەیامی لایەنی كوردی لەو كۆنگرەیەدا گرینگترە، چونكە لە نزیكەوە دۆخی ناوچەكە دەگەیەنرێتە ئاستێكی یەكجار باڵا، بە تایبەتی لە ئاستی بەشداریكردنی (مەسعوود بارزانی) وەك سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی گشتیی هێزە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئاگادار لە میحورەكانی جەنگ لە دژی داعش".
پێوەست بە گرینگیی بەشداریی شاندی كوردستان لەو كۆنگرەیەدا، (حەمەتۆفیق رەحیم) گوتی، "كاتێك داوا لە شاندی هەرێمی كوردستان كراوە بەشداری لە كۆنگرەیەكی وەهادا بكات، نیشانەی ئەوەیە كە گرینگی بە هەرێمی كوردستان دەدرێت، كوردستان ئێستا ژمارەیە و لە جیهاندا دەخوێنرێتەوە، لە هەمان كاتدا ئێستا كوردستان شەڕێكی گەورە لەگەڵ داعشدا دەكات، ئەمە شەڕی تەنیا كوردستان نییە، شەڕی جیهانە كوردستان بە وەكالەت دەیكات."
بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی گۆڕان زیاتر ڕوونی كردەوە، "یەكێكی دیكە لە گرینگییەكانی ئەو كۆنگرەیە ئەوەیە كە، سەرجەم ئەو وڵاتانە پابەندن بە دژایەتیكردنی تیرۆر و پێشمەرگەیش لە هێزی پێشەوەی شەڕی داعشە، بۆیە وڵاتانی جیهان باش لەوە گەییشتوون دەبێت هاوكاریی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن".
كارزان هەورامی




