سەڵاح دەلۆ: حەشدی شەعبی ئەوەی لە پارێزگای دیالە بۆیان چووەتە سەر، لە كەركووك ڕوو نادات

كەركووك -KDP.info- بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزەری شاری كەركووكە و هیچ هێزێكی دی ناتوانێت لە دەرەوەی دەستەڵاتی پێشمەرگە لە شارەكەدا بێت.
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەڵاح دەلۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "جگە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هیچ هێزێكی دیكە بۆی نییە بێتە شاری كەركووك، هەر هێزێكی دیكەیش هەبێت، دەبێت لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بێت، بۆیە ئێمە ناڕازین و نامانەوێت هێزێك لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كەركوووك بێت".
(سەڵاح دەلۆ) گوتیشی، "ئێمە ئاگادارین (حەشدی شەعبی) و كۆمەڵێك هێزی دیكە هەموو ئامانجیان شاری كەركووكە و دەیانەوێت بێنە شارەكەوە، چونكە وا دەزانن ئەوەی لە پارێزگای دیالە بۆیان چووەتە سەر، لە كەركووكیش بۆیان دەچێتە سەر، بەڵام ئەمە خەیاڵە هەر هێزێك بیەوێت لە پاڵ پێشمەرگەدا بێت لە كەركووك؛ ئەوەیشی تا ئێستا و لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا خۆڕاگر بووە و بەرگریی كردووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە".
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیان زیاتر گوتی، "لە مانگی 6ـەوە تا ئێستا ئەوەی بەرگری لە شاری كەركووك دەكات هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە دۆخی كەركووك وەك ئێستا نەدەبوو كە هەیە، چونكە بە نزیكبوونەوەی داعش سوپای عێراق لێرە هەڵوەشایەوە، بۆیە چەند كەسانێك دەیانەوێت لە ڕووی راگەیاندنەوە ئەوە بۆ خەڵك ڕوون بكەنەوە كە جگە لە پێشمەرگە هێزی دیكە دەیەوێت شاری كەركووك بپارێزێت، بەڵام هەر هێزێك لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگەدا هەبێت، نایاساییە".
كارزان هەورامی




