زیاتر لە 2 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە كۆبانی

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەڵێت، گەڕانەوەی خەڵكی كۆبانی بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش زیاتر لە 2 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەى كە هیچ پێداویستییەكی ژیانی لێ نییە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵیح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، شاری كۆبانی زۆرینەی خاپوور كراوە و بە كەڵكی ژیان نەماوە، جگە لەوەیش هیچ پێداویستییەكی ژیانی لێ نییە لە خواردن و خواردنەوە و كارەبا، لەبەر ئەوەی تاوەكو ئێستا شەڕ لە دەوروبەری كۆبانی بەردەوامە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش خەڵكێكی زۆر رۆژانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەگەڕێنەوە.
عەمید (موسڵیح) گوتیشی، لە دوای ئازادكردنی كۆبانی تاوەكو ئێستا زیاتر لە 2 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ناو كۆبانی و رۆژانەیش خەڵك بە بەردەوامی دەگەڕێنەوە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی باسی لەوەیش كرد، لە ئێستادا زیاتر گەنجەكان دەگەڕێنەوە بۆ كۆبانی و پەیوەندی بە ریزەكانی شەڕڤانانەوە دەكەن و، بە شێوەیەكی بەرچاو ژمارەیان زیادی كردووە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لە ئێستادا باش نییە خەڵك بگەڕێتەوە بۆ كۆبانی و شەڕڤانانیش پێیان باش نییە، چونكە ژیان بەم جۆرە لە كۆبانی زۆر ئەستەمە بە بێ ئەوەی هیچ پێداویستییەكی ژیانی لێ بێت.
بڵند ئیبراهیم




