نێچیرڤان بارزانییش بەشدارە.. لوتكەی دوبەی ٩٣وڵاتی جیهان كۆ دەكاتەوە

ئیمارات -KDP.info- ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی لوتكەی وڵاتانە لە دوبەی، لەوێ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لەگەڵ شاندێكی باڵا بەشداری لوتكەكەن، هەروەها (حەیدەر عەبادی) و شاندی حكوومەتی عێراقیش بەشدارن.
بەپێی ئاژانسی (خەلیج تایمز) لوتكەكە (٣) ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا چەندین قسە و باس و وانەی شیكاری و بەڕێوەبردن لەسەر داڕشتنی ئایندەی وڵاتان ئەنجام دەدرێن، ئەمڕۆیش (شێخ محمەد بن ڕەشید) جێگری سەرۆك و سەرۆكوەزیری ئیماڕاتی عەرەبی یەكگرتوو، لوتكەكە دەكاتەوە.
هەر لەو بارەیەوە لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە لوتكەكە (٤٠٠٠) بەشداربوو لە (٩٣) وڵاتی جیهانەوە كۆ دەكاتەوە كە تێیدا سەرۆكی وڵات، سەرۆكوەزیر، جێگران، وەزیران، دیپلۆماتكاران و نوێنەرایەتیی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەشدار دەبن.
لوتكەی وڵاتان لە دوبەی، لوتكەیەكی جیهانییە و بۆ ئاڵوگۆڕی باشترین ئەزموونی خزمەتگوزارییەكانی وڵاتان دەبەسترێت و، هەروەها ئامانج لێی داڕشتنی ئاییندەی وڵاتانە.
لە كارنامەی لوتكەكەدا باس لەسەر بێهاوتایی زیاتر و، گەشەداریی زیاتری وڵاتان دەكەن و، كار دەكەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەك تاكو گەشەسەندنی وڵات بخەنە سەر ڕێچكەیەكی ڕاست و دروست لەسەر بنەمای ڕێزگرتن، بەهەندزانین و باوەڕبوون بە گرینگیی هێشتنەوەی گەشەسەندوویی و خۆئامادەكردن بۆ بەربەرەكانی و داواكارییەكانی دواڕۆژ.
ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و شاندێكی یاوەری بە داوەتێكی فەرمیی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەكگرتوو گەییشتە میرنشینی دوبەی و لەوێ بەشداری لە كۆبوونەوەی لوتكەی حكوومیدا دەكەن كە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (بان كی مۆن) و ژمارەیەك لە شارەزایان و بەرپرسانی دەزگا جیهانییەكان بەشداری تێدا دەكەن.
و/ خالید ئەحمەد




