دوانزە تیرۆریستی داعش لە خانەقین دەستگیر کران؛ چواریان ئەمیرن

خانەقین-KDP.info- لە ناوچەیەكی سەر بە شاری خانەقین هێزەكانی ئاساییشی گەرمیان 12 تیرۆریستی سەر بە داعشیان دەستگیر كرد. بە وتەی سەرچاوەیەك، چوار كەسیان ئەمیرن و، دەستیان لە شەهیدكردنی ژمارەیەک پێشمەرگە و سەربازی عێراقییشدا هەبووە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی جەلەولا (هەژار ئیبراهیم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: لە لایەن هێزەكانییەوە پاش كۆكردنەوەی زانیاری و، بە دواداچوونی ورد، ئەمڕۆ توانیان لە گوندی سەلاپی سەر بە شارەدێی نەفتخانە لە سنووری شاری خانەقین، 12 تیرۆریستی سەر بە داعش دەستگیر بكەن.
(هەژار ئیبراهیم) گوتیشی: ئەو تیرۆریستانە چوار كەسیان ئەمیرن و، یەكێكیشیان پاسەوانی تایبەتی دادوەری دادگای شەرعی چەكدارەكان بووە، لە سەعدییە و هەروەها كەسێكیشیان شۆفێری تانكەر بووە و، ئاوی بەسەر چەكدارەكان دابەش كردووە، ئەو كاتەی لە ناوچەكەدا بوون.
ئەوەشی خستە ڕوو کە لە لێكۆڵینەوەدا ئەمیرەكان دانیان بەوەدا ناوە كە دەستیان هەبووە لە شەهیدكردنی کۆمەڵێ پێشمەرگە و سەربازی عێراقییشدا و، ئێستا دراونەتە دادگا و لێكۆڵینەوە لە گەڵیاندا بەردەوامە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی جەلەولا گوتیشی: "لە كاتی دەستگیركردنیان، ئەو تیرۆریستانە ژمارەیەك چەكیان پێ بووە و، دانیشیان بەوەدا ناوە كە ژمارەیەك و چەك تەقەمەنیان لە ناوچەیەكی دیكە حەشار داوە."
كاروان جاف




