٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف تەیفوور: بەشداریکردنی ھەرێم لە کۆنفرانسە جیهانییەکەی ئاساییشدا ھاوکارییەکی سەربازیی زیاتری بە دواوەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان  (عارف تەیفوور) دەڵێت، بانگهێشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە لایەن وڵاتانی بەشداربووی کۆنفرانسی ئاساییشی جیهان لە میونشن، گرینگییەکی زۆری هەیە و، (سەرۆک) لەو بەشدارییەدا لە سەرووی هەموانەوە دانراوە. گوتیشی ئەم بەشدارییە وا دەکات کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاری سەربازی پێشکەشی هەرێم بکەن.

(عارف تەیفوور) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی جیهاندا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ زۆر گرینگە و ئەوە دەردەخات کە تا ڕادەیەکی زۆر وڵاتانی ئەوروپا حیساب بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەن، کە کەوتووەتە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی ڕوبەڕووی داعش دەبنەوە و، ھەوڵی لەناوبردنی دەدەن".
(عارف تەیفوور) گوتیشی: " سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ، زۆر بە گرینگەوە داوەت کراوە و، سەرۆکی ھەرێم لە سەرووی ھەمووان دانراوە و، ئەمە زۆر گرینگی خۆی ھەیە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، ئەم ھەنگاوە وا دەکات زیاتر چەک بە ھەرێمی کوردستان بدرێت و، ئەوانەی چەکیشیان داوە زیاتری بکەن، بەڵام لە ڕووی سیاسییشەوە زۆر گرینگی خۆی ھەیە و بڕیاریش دراوە کە ھاوکاری سەربازی زیاتری ھەرێم بکرێت و، دیدارەکەی نێوان (سەرۆک بارزانی) و (عەبادیش) گرنگ بووە و، وا دەکات بەغدایش چەک بۆ ھەرێم ڕەوانە بکرێت.
(عارف تەیفوور) ڕوونیشی کردەوە، شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش ھیچ پەیوەندی بە کورد نەبوو، بەڵام کە ئێمە جیرانی ئەو شەڕوئاگرە بین پروشکمان بەردەکەوێت، بۆیە شەڕەکە تا سێ ساڵیش دەخایەنێت، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ لە وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی دیکە خەڵک پەیوەندیان پێوە دەکات، بۆیە شەڕێکی درێژخایەن دەبێت و ئومێدەوارم لەئێمە دور بکەوێتەوە، بۆیە پێویستە پێشمەرگە کە بەرگریکەرێکی ئەساسی یە لە کەرامەت و شەڕەفی خەڵکی کوردستان و جێگەی تەقدیرن خۆراگرتر بن.
(عارف تەیفوور) دەشڵێت، بە ڕای من نابێ بەھیچ جۆرێک ئێمە بەشداری لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا بکەین، چونکە ئەم کێشەیە کێشەیەکی گەورەتری بەدواوەدیێت و پێشمەرگە بچێتە ناو مووسڵ دەبێت بە شەڕی کوردوعەرەب، بەڵام دەکرێت ھاوکاری ئەو ھێزانە بکات کە مووسڵ ئازاد دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، دەنگۆی دروستکردنی ھێز لە کەرکووک تەنها کارێکی ڕاگەیاندنە، ئەگەرنا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی سەرپشک کردووە دەتوانن بڕیاری لەسەر بدەن و ئەوانیش باسیان لەوەکردووە پێویستمان پێ نییە و بوونی ھێزی پێشمەرگە بە گرینگتر و پێویستریان زانیوە و دووپاتیان کردووە کە پشتگیری لە پێشمەرگە دەکەن.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار