فراکسیۆنی پارتی پشتگیریی بەپارێزگابوونی 'سۆران' 'گەرمیان' 'زاخۆ' و 'ئاکرێ'ـیش دەکات

مووسڵ ــkdp.infoـــ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پشتگیری لە بەپارێزگابوونی گەرمیان، سۆران، ئاکرێ و زاخۆیش دەکەین و، لەمەودوا کارێک دەکەین ئەوانەیش ببنە پارێزگا.
(ئامینە زکری) جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گەرمیان و سۆران و ئاکرێ وزاخۆ ھەیە کە ببنە پارێزگا وئێمە وەکو فراکسیۆنی زەرد پشتگیری لەوانە دەکەین ببنە پارێزگا لەئایندە بەپێی دۆخی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەمە بوودجە و، پێداویستیی تایبەتی پێویستە، بۆیە پشتگیرییان دەکەین و، پێویستە ئامادەکارییان بۆ بکرێت."
(ئامینە زکری) گوتیشی: "بابەتی پارێزگای ھەڵەبجە مافی خەڵکی ئەو شارە بووە، لەبەر ئەوەی سمبولی بەرخودان و، پاراستنی ناسنامەی کوردستانە، بۆیە بۆ گەشەسەندی زیاتری ئەو شارە ئەو بڕیارە دراوە."
(زکری) ڕوونیشی کردەوە، لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە فڕاکسیۆنی زەرد لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاری جیددی بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە کردووە، خۆشبەختانە لە کابینەی ھەشتەم توانرا ببێتە پارێزگا؛ ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی سۆران، زاخۆ، ئاکرێ و گەرمیانیش ببنە پارێزگا.
بڵند ئیبراھیم




